رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵەکانی شەوانی مانگی رەمەزان لە هەولێر دەستیپێکردووە. کۆمپانیای مەڵتی میدیا فێستیڤاڵەکەی رێکخستووە، تۆڕی میدیایی رووداویش سپۆنسەری میدیایی دەکات.
45 کۆمپانیا و خاوەنکار بەشدارن، بەرهەمەکانی خواردن و خواردنەوە، پێداویستییەکانی رۆژانە، ئەلیکترۆنیات و کاری دەستی لە فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن.
جگە لە فرۆشتنی بەرهەمەکان، ئۆفەر و خەڵاتی جۆراوجۆریش پێشکێش دەکرێن.
بێستوون عومەر، بەڕیوەبەری کۆمپانیای بێست بیدە و لەبارەی کاری کۆمپانیاکەیان لە فێستیڤاڵەکە دا دەڵێت، " کۆمپانیاکەی ئێمە خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی پێشکێش دەکات، یەکەمین کۆمپانیای ئۆنڵاینە لە کوردستان و عێراق. ئەوانەی سەردانی کۆمپانیاکەمان دەکەن چەندین ئۆفەرمان بۆیان هەیە و داشکانمان دەبێت، لە رۆژانی رەمەزاندا دوو لاپتۆپیش دەکەینە خەڵات".
یەحیا هەورامی، خاوەنی کۆمپانیای فی تی مارکێتسە و بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە دا کردووە و باس لەوە دەکات، " کاری ئێمە بازرگانییە وەک نێوەندگیر، کارەکەمان پەیوەستە بە بازاڕە داراییەکانەوە".
ئەسما محەممەد، خاوەنی چێشتخانەیە و ئاماژە بەوە دەدات، "وەک ئافرەتێک و خاوەن کارێک، ئەو فێستیڤاڵانە زۆر گرنگن بۆ من، هەلێکی زۆر باشە بۆ ناساندنی کارەکەم."
ئەحمەد قارەمان - کارمەندی چێشتخانەیە و بە ناوی رووداو داشکاندنی بۆ خێزانەکان کردووە و دەڵێت، "هەر خێزانێک لەسەر داواکاری ئیوە بێت و راپۆرتەکەتان ببینێت، لە پێنج لەفە دوو لەفەی بۆ دەکەین بە دیاری."
محەممەد ئاسۆ، خاوەنی کارگەی سرکەیە و لەبارەی بەشداریکردنیان باس لەوە دەکات، "بە بەرهەمی ناوخۆیی سرکە بەشدارین، سرکەی سەتا سەت سرووشتی دروست دەکەین".
لە یەکەم رۆژی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا خەڵکێکی زۆر سەردانیان کرد و پێشوازیێکی گەرمی لێکرا.
ئیساعیل کاکل، سەردانیکەری فێستیڤاڵەکەیە و باس لەوە دەکات، "بەڕاستی ئەو کارە لە رەمەزاندا زۆر جوانە و بەهیوای بەردەوامبوون، خۆم و هاوژینەکەم هاتووین، ئەو خەڵی سنەی رۆژهەڵاتە."
نەدا حەبیبوڵڵا، ژنی ماڵەوەیە و سەردانی فێستیڤاڵەکەی کردووە و دەڵێت، "فێستیڤاڵێکی زۆر خۆش و جوانە، شەوانی رەمەزان لێرە زۆرخۆشن."
لاڤە مستەفا، چالاکڤانە و لەبارەی فێستیڤاڵەکەوە باس لەوە دەکات، "کە دێی بۆ ئێرە هەموو شتێکی لێیە لە خواردن و خواردنەوە و پێداویستی، جەوێکی زۆر خۆشە کاتێک لەگەڵ خیزانەکەت دێێ بۆ ئێرە و بەلای منەوە زۆر تایبەتە".
لە فێستیڤالەکەدا لە کاژێر 5ـی ئێوارە تاوەکو یەکی شەو چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن، لە جەژنی نەورۆزیشدا چالاکی تایبەتیان دەبێت.
نور بیلال، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵی شەوانی رەمەزانە و لەبارەی کار و چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکەوە دەڵێت، "فیستیڤاڵەکە چەندین چالاکی ئایینیی، هونەری و کولتووری تێدا نمایشدەکرێت. لە ماوەی فێستیڤاڵەکە دا لە جەژنی نەورۆزیش چالاکی و سوپرایزمان دەبێت".
فێستیڤاڵەکە بۆ 22 رۆژ و تاوەکو جەژنی رەمەزان بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ