رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، بە هاوکاریی رۆژ پێشڕەو دزەیی، 1000 سەبەتە خۆراک بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە بەسەر خەڵکی بێ دەرامەت دابەش دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 11-03-2025 ئیسماعیل عەبدولعەزیز، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت، "دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا، بەرنامەکانی خۆی بەڕێوەدەبات و ئامادەکارییەکی باشی بۆ ئەم مانگە کردووە. تیمێکمان هەیە، بەدواداچوون بۆ ئەو خێزانانە دەکات کە شایستەی بەخشینن؛ ناوەکانیان تۆمار کرابوون."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ 1000 خێزان لەو هەڵمەتی بەخشینە سوودمەند دەبن؛ ئەوانیش هاووڵاتیی کەمدەرامەت و ژینگەپارێزانی کوردستانن.
لەبارەی سەبەتەی خۆراکەکەوە، ئیسماعیل عەبدولعەزیز روونیکردەوە، "ئەم سەبەتەیە 11 مادەی خۆراکی وشک لەخۆدەگرێت. لەگەڵ ماست، ماستاو و مریشکیشیان بەسەردا دابەش دەکرێت. سەبەتەکە بەشی هەفتەیەک خواردنی خێزانێکی 6 کەسی دەکات."
سەبارەت بەوەی کە پرۆژەکە تەنیا لە شاری هەولێرە یان شوێنی دیکەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە؛ ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی گوتی، "هەڵمەتەکە هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. هاوکارییەکان بە یارمەتیی سەرمایەدار رۆژ پێشڕەو دزەییە. دەزگەی خێرخوازیی بارزانی پردی نێوان دەوڵەمەندان و خەڵکە، بۆئەوەی لە خەڵکەوە بۆ خەڵک بێت."
ئیسماعیل عەبدولعەزیز لەبارەی پرۆژەکانی دیکەی دەزگەکەوە گوتی، "پرۆژەیەکی دیکەمان هەیە بەناوی ئازیزان، کە 11 هەزار خێزان لەو پرۆژەیە سوودمەند دەبن. ئێستا زیاتر لە 3600 کەس لەو ژمارەیە پارەی کاشیان وەرگرتووە. هاوکات لە رێگەی بەرنامەیەکیشەوە، خێزانە کەمدەرامەتە کرێچییەکان دەکەینە خاوەن خانوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ