رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکانی عێراق دەڵێت، پلانیان هەیە چەند لقێکی هایپەرمارکێتی حکومی لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام پێویستیان بە زەوییە.
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئاداری 2025 زوهرە گەیلانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارەکانی دروستکردنی هایپەرمارکێت لە بەغدا تەواو بووە، دوای کردنەوەی لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەشدا پرۆژەکە دەستپێدەکرێت.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانی هەیە 150 هایپەرمارکێت لە شار و شارۆچکەکان بکاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازاڕە ناوەندییەکان دەڵێت، "پلانمان وایە لە هەرێمی کوردستانیشدا بە هەمان شێوە پڕۆژەکە دەستپێبکەین، بەڵام پێویستمان بە چەند پارچە زەوییەکە لە هەرێمی کوردستان کە تاپۆی بەناوی حکومەتی عێراقەوە بێت، یان موڵکێکی تایبەت بێت. گفتوگۆکان بەردەوامن و بە دڵنیاییەوە چارەسەر دەدۆزینەوە و کارەکان لە هەرێمیش دەستپێدەکەین."
لەبارەی گرنگیی ئەو هایپەرمارکێتانەوە بۆ هاووڵاتییان، زوهرە گەیلانی گوتی، "ئەو هایپەرمارکێتانە تەنیا بۆ بازاڕکردن نییە، بەڵکو دەرمانخانە، یاریگە، بانک و شوێنی تایبەتی منداڵانی تێدایە، جگە لەوەی لەو هایپەرمارکێتەدا نزیکەی 40% داشکاندنی تایبەت دەکرێت بۆ خێزانەکانی قوربانیی دەستی تیرۆر، کەسوکاری شەهیدان و ئەو کەسانەی کە ناویان لە چاودێریی کۆمەڵایەتیدا تۆمار کراوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، 19 بازاڕی ناوەندی لە عێراقدا هەبوون، کە لەدوای 2003وە سەرجەمیان داخراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ