سەڵاحەدین بەهائەدین: رێککەوتنی دەوڵەتی سووریا و هەسەدە، رێگە راستەکەیە

11-03-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتن لەنێوان دەوڵەتی سووریا و هەسەدە دەڵێ، ئەمە "رێگە راستەکەیە، بە هیوای بەردەوامی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و ئاشتی."
 
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر، رێککەوتنێکی 8 خاڵییان واژۆ کرد.  
 
سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەیامێکدا بەو بۆنەوە رایگەیاند "دیدار و رێککەوتنی بەڕێزان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی لەسەر چەندین خاڵی بایەخداری هەردوولا، کارێکی گرنگە لە تەوقیتەکەی و لە ناوەڕۆکیدا، بەتایبەت پاش شەڕێکی خوێناوی هات، لە ئەنجامی پێکدادانی دەوڵەت و چەکدارانی پاشماوەی رژێم، کە دەرگای کردەوە لەسەر ئەگەری پشێوی و شەڕی پێکهاتەکان، بۆیە هەمیشە شەڕ خێری تێدا نییە و مێزی گفتوگۆ چارەسەر بەرهەمدێنێ."
 
سەڵاحەدین بەهائدین هەروەها رایگەیاند "لێرەدا هەنگاوی دیدار و واژۆی رێککەوتن لەنێوان دەوڵەت و هەسەدە رێگە راستەکەیە، بە هیوای بەردەوامی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و ئاشتی. سەرکەوتووبێ خەباتی دابینکردنی ماف و پێکەوە ژیانی سەرجەم پێکهاتەکان لە سووریای نوێدا."
 
دەقی رێککەوتنەکە: 
 
لەسەر بنەمای کۆبوونەوەی نێوان "بەڕێز سەرۆک ئەحمەد شەرع و بەڕێز مەزڵووم عەبدی"، لە رۆژی دووشەممە 10ی ئاداری 2025، ئەم خاڵانەی خوارەوەی رێککەوتنی لەسەرکرا:
 
1- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سوورییەکان لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیدا و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی بێ گوێدانە پاشخانە ئایینی و نەتەوەییەکانیان.
 
2- کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سوریا گەرەنتی مافی هاووڵاتییبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
 
3- راگرتنی شەڕ لەسەرجەم خاکی سووریا دا.
 
4- تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە چوارچێوەی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و گازییەکان.
 
5- گەرەنتی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سوورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و دابینکردنی پاراستنیان لە لایەن دەوڵەتی سووریاوە.
 
6- پشتیوانی دەوڵەتی سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو ئەو هەڕەشانەی کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.
 
7- رەتکردنەوەی بانگەشەکانی دابەشبوون و رق و کینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشووب لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دا.
 
8- لیژنە جێبەجێکارەکان کار دەکەن و هەوڵدەدەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بە شێوەیەک کە لە کۆتایی ئەم ساڵ تێنەپەڕێت.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە