لە ورمێ ژنێکی 27 ساڵ لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە کوژرا

11-03-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک بە ناوی زیبا سەیادی تەمەن 27 ساڵ لەلایەن هاوژینی پێشووی تەقەی لێکرا و کوژرا.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 10ی ئادارای 2024 لە شەقامی عەمماری شاری ورمێ و لەنێو فێرگەیەکی دیزاین روویداوە.
 
ئەو ژنە لاوە زیاتر لە 10 رۆژ بوو لە هاوژینەکەی بەناوی جەلال سەیادی کە ئامۆزایەتی، جیاببووەوە، بەڵام دوای جیابوونەوەش هاوژینەکەی وازی لێناهێنێت و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکات.
 
بەپێی زانیارییەکان، زیبا سەیادی لە فێرگەیەکی دیزاین لە شەقامی عەماری شاری ورمێ، لە ئەنجامی تەقەی جەلال سەیادی، هاوژینی پێشوو و ئامۆزای لە بەرچاوی فێرخوازەکانی ئەو فێرگەیەدا کوژراوە.
 
دوای کوشتنی ئەو ژنە گەنجە، بکوژەکە لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە و دەستگیر نەکراوە. تائێستا پۆلیسی ورمێ و لایەنی فەرمیی دیکەی شارەکە، لەبارەی ئەم رووداوەوە هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکیان نەداوە.
 
سەبارەت بە رووداوەکە، سورەیا ئەنوەری ئەنبێ، پزیشکی دەرونناس و چارەسەری دەمارەکان لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسیویەتی، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو ژنە سەردانی کلینیکەکەی کردووە و پێیگوتووە، "مێردەکەم هەمیشە لە ماڵەوە زیندانی دەکردم و مۆبایلەکەمی لێدەسەندم، تەنانەت نەمدەتوانی قسە لەگەڵ بنەماڵەکەم بکەم."
 
سورەیا ئەنوەری ئەنبێ دەڵێت: "بڕیارەکەی تەڵاق بوو و منیش وەک هەمیشە و بەپێی ئەخلاقی پیشەیی خۆمان دەستوەردانم لە بڕیارەکەیدا نەکرد، بەڵام یارمەتیم دا متمانەی بەخۆی زیاد بکات و دڵەڕاوەکێیەکەم چارەسەر کرد. شەوی رابردووش کە پەیوەندی بە منەوە کرد، دیسان باسی ترس و دڵەڕاوەکێیەکانی کرد، هەرچەندە خێزانەکەی زۆر ئاگاداری بوون، بەداخەوە بکوژەکە تەنیا بەدوای دەرفەتێکدا گەڕاوە بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە."
 
محەممەد دەرویشی، پارێزەری ژنە کوژراوەکەش لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاندووە، زیبا سەیادی ماوەی سێ ساڵ لە لایەن هاوژینی پێشووی و بنەماڵەی هاوژینەکەیەوە ئازار درابوو و تووشی کێشەی دەروونیی ببوو، دواتر بنەماڵەکەی کچەکەی خۆیان وەردەگرنەوە و کچەکە لە دادگە سکاڵا تۆمار دەکات و داوای جیابوونەوە دەکات. 
 
دەشڵێت، "دوای نزیکەی دوو ساڵ و نیو، دادگە بریاری جیابوونەوەی دا و بڕیارەکە لەلایەن دیوانی باڵای دادوەریی ئێرانیش پەسندکرا، بەڵام تەنیا بە تێپەڕینی 10 رۆژ بەسەر جیابوونەوەیان، تاوانبار کە هاوژینی پێشوویەتی، بڕیارەکەی پێی قبووڵ نەبووە و لە کردەوەیەکی دڕندانەدا هەڕەشەکانی ئەم چەند مانگەی بردە سەر و لە فێرگەیەکی دیزایندا لە شەقامی عەمماری ورمێ، سەڕەرای ئەوەی فێرخوازی تەمەن بچووک لە فێرگەکە بوون، راهێنەرەکەیان بە گولـلە دەکوژێت و دواتر هەڵدێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە