ئەم هەفتەیە ئامێرەکانی دەنگدان بۆ پشکنین دەنێردرێنە بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە ئامێرەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پشکنین دەنێردرێنە بەغدا. دەشڵێت، هەفتەی داهاتوو وادەی تۆمارکردنی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دەستپێدەکات.
دووشەممە، 11-03-2024، خالید عەباس بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، ئەم هەفتەیە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان بۆ پشکنین دەنێردرێن بۆ بەغدا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، هەروەها جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە هەمانشێوە بە ئەلیکترۆنی دەبێت.
رۆژی 3ـی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی دیکە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق گوتی، رۆژی 20ی ئەم مانگە دەرگەی خۆتۆمارکردن بۆ کارمەندانی گرێبەست بۆ رۆژی دەنگدان دەکرێتەوە.
خالید عەباس گوتیشی: "کۆمیسیۆن بۆ رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 50 هەزار کارمەندە بە گرێبەست، لە دهۆک 11 هەزار کارمەند، لە هەولێر 15 هەزار کارمەند و سلێمانیش 18 هەزار کارمەند."
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە چوار بازنە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) دەبێت، 100 کورسییەکەی پەرلەمانیش بەمشێوەیە بەسەر بازنەکاندا دابەشکراوە (سلێمانی 38 کورسی، هەولێر 34 کورسی، دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە سێ کورسی).