رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بانکێکی دیکەی عێراقی بەشداریی لە پڕۆژەی "هەژماری من"دا دەکات، بەمەش بانکە بەشدارەکان لە پڕۆژەکەدا بۆ پێنج بانک زیادیان کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB - Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی، کە بەشداریی لە پڕۆژەی "هەژماری من"دا دەکات، شانبەشانی بانکە بەشداربووەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی (BBAC, Cihan, NBI ،RT).
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە "بانکە گەورەکان"ی دیکەش بەشداری بکەن.
بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، تائێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراون و زیاتر لە نیوەیان کارتی بانکیان وەرگرتووەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوبەشیی ئەوان لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM. هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەخۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.
بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار بکرێن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات کە هاوبەشیی لەگەڵ بانکە بەشداربووەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت.
شوباتی 2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەراکێشان (ATM)ەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی."
راگەیاندنی پڕۆژەکە لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت لە مانگی ئادارەوە بەبێ بە "بانکیکردن" مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادات، تائێستاش دیار نییە حکومەتی عێراق کار بە پڕۆژەی (هەژماری من) دەکات یان نا، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقیش راگەیاندووە دەبێت بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ