رووداو دیجیتاڵ
خێزانێکی هەژار و نەدار، سێ خوشک و دایکێک، لە سلێمانی بژێویی ژیانیان لەسەر منداڵێکی تەمەن 12 ساڵانە و پێویستییان بە هاوکارییە.
خەڵات دایکی چوار منداڵە، حەوت مانگە لەدوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی، بەخێوکردنی منداڵەکانی لەئەستۆ گرتووە.
دوو کچە تەمەن پێنج ساڵ و هەشت ساڵانەکەی نەخۆشیی دڵیان هەیە.
خەڵات عەبدوڵڵا، کابانی ماڵەوەیە دەڵێت، "دوو کچەکەم نەخۆشن؛ نەخۆشیی دڵیان هەیە و شەش مانگە نە دکتۆریان بینیوە نە دەرمانیان خواردووە، لەکاتێکدا دەبێت بەبەردەوامی دەرمان بخۆن."
محەممەد ئەحمەد کوڕە گەورەی ئەو ماڵەیە؛ بە تەمەن 12 ساڵە، بەڵام بە ئەرک و ماندووێتی، گەورەترە.
دایک و سێ خوشکەکەی محەممەد چاویان لەوەیە رۆژانە دوای فرۆشتنی چەند دەبە ئاوێک لە شەقامەکانی سلێمانی، پارەی خواردن، دەرمان و کرێی خانوویان بۆ دابین بکات.
محەممەد دەڵێت، "من بە ئاو فرۆشتن [بژێویی ژیانمان] پەیدادەکەم، ئەویش ئێستا زستانە، کەس نایکڕێت. لەبەر نەبوونی، ناتوانم بخوێنم و چوار پێنج مانگ دەبێت گۆشت و مریشکمان نەخواردووە. ئەگەر خەڵک خواردن، برنج و ئەوانەمان بۆ بهێنێت دەیخۆین، گەرنا هەر دایکم بیکات تەماتە و رۆنە."
ئەو ماڵەی ئەو خێزانە هەژارەی تێدا دەژین، لە دوو ژوور و هۆڵێک پێکدێت کە کەرەستەی سادە و پێویستییەکانی ژیانکردنی بەئەستەم تێدا بەدیدەکرێن. ئەگەر پەڕۆ و بەتانی کۆنە نەبێت، لە هەرچوار لاوە با و رەشەبا لە ژیان هەراسانتریان دەکات.
دایکی محەممەد دەڵێت، "بەخوا لەبەر بێ پارەیی نەمتوانیوە شیر بدەمە منداڵەکەم، ناچار سەموونم بۆ کردووەتە نێو چای یان ماستم داوەتێ."
محەممەدیش دەڵێت، "هیچم ناوێت، تەنیا ئەوەی دایکم یەک تۆز خۆش بژیت و خەم نەخوات."
خەڵات و منداڵەکانی چاویان لەوەیە حکومەت یان خێرخوازێک دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکات، چونکە پێداویستیی مانگانەی ئەو خێزانە بە لانیکەم 700 هەزار دینارە، و بە ئاو فرۆشتن پەیداناکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ