ئامادەکارییەکانی نەورۆزی ئاکرێ کۆتاییان هات؛ چاوەڕوان دەکرێ زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشداربن

رووداو دیجیتاڵ

ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی نەورۆز لە ئاکرێ تەواو کراون. یەکێک لە ئامادەکارانی رێوەڕەسمەکە دەڵێت، دوای بەربانگ چالاکییەکان دەستپێدەکەن و راستەوخۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سەرپەرشتی دەکات.
 
ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئاکرێ لە شوێنەکانی دیکە سەرنجی زیاتری لەسەرە، بەهۆی ئەو رێوڕەسمەی تێیدا دەکرێت و ئەو هەڵکەوتەیەی قەزاکە هەیەتی. ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان لە نەورۆزی شارەکەدا کرد.
 
کاوە زوهێر، ئەندامی راگەیاندنی کەرنەڤاڵی نەورۆزی ئاکرێ ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەموو ئامادەکارییەکان تەواوکراون، چاوەڕوانیش دەکەین زیاتر لە پار گەشتیار لە ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئاکرێ بەشداری بکەن."
 
کاوە زوهێر گوتی، لە 19ـی ئادارەوە چالاکییەکان دەستپێدەکەن و لەو شوێنانەی ئامادەکاری کراوە، پێشانگەی شێوەکاری و نمایشی فیلم بەڕێوەدەبەن.
 
لەبارەی بانگهێشتکردنی میوانانی نەورۆزی ئاکرێوە کاوە زوهێر گوتی، "رێوڕەسمی ئەمساڵ جیاوازتر دەبێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکان دەکات؛ ئەوانیش دەزانن کێ بانگهێشت دەکەن و کێ ئامادە دەبێت."
 
ئەمساڵ نەورۆز کەوتووەتە مانگی رەمەزانەوە، کاوە زوهێر دەڵێت، "هەندێک رووناککەرەوە دانراوە ئاماژەن بۆ رێزگرن لە مانگی رەمەزان، هەروەها رێوڕەسمی فەرمی داوای بەربانگ دەستپێدەکات."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی ئاکرێ بۆ رووداو، ساڵی 2023 لە نەورۆزی ئاکرێدا زیاتر لە 100 هەزار کەس بەشدارییان کردووە، ساڵی 2022ـش 95 هەزار کەس بەشدارییان کردووە.