لە سلێمانی سووتاندنی زبڵ و خاشاک بووەتە هۆی مەترسی لەسەر ژینگە؛ "نازانین کێیە تا سزایان بدەین"

11-03-2023
نزار جەزا
زبڵخانەیەک لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
زبڵخانەیەک لە چەمچەماڵ. وێنە: رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سووتاندنی زبڵ و خاشاک لە پارێزگای سلێمانی زیانێکی گەورەی بە سرووشت گەیاندووە و چالاکڤانانی بواری ژینگە دەڵێن، سووتاندنی ئەو زبڵ و خاشاکە بە دەستی ئەو کەسانەیە کە لەنێویاندا بۆ بژێوی ژیانیان دەگەڕێن، بەڵام نازانن چ مەترسییەک بۆ ژینگە و تەندروستیی خەڵک دروستدەکەن.
 
تاوەکو ئێستا ئەو کەسانەی کە زبڵ و خاشاک دەسووتێنن ئاشکرا نەکراون. شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، رۆژانە لە پارێزگای سلێمانی 900 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، بەڵام تەنیا یەک کارگەی ریسایکلین هەیە. 
 
لە چەمچەماڵ رۆژانە زبڵ و خاشاک ئاگری تێبەردەدرێت. گەنجێک رۆژانە لە زبڵخانەکەی چەمچەماڵ کاردەکات، باس لەو کەسانە دەکات کە ئاگر لە زبڵ و خاشاکەکە بەردەدەن.
 
ئەو گەنجە کە نایەوێت ناو و دەموچاوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: جاروبار ئۆتۆمبێل دێت کە دەرمان و خواردنی ماوە بەسەرچووی پێیە فڕێیدەدات و دەیسووتێنێت کە کزەبایەکیش دێت هەمووی دەسووتێت، لەو کاتەشدا ناتوانین کارتۆن و نایلۆن و پلاستیک کۆبکەینەوە، بۆیە ئەگەر ئاگاداربین رێگری لەسووتاندنی دەکەین.
 
ژینگەدۆستان داوای چارەسەری زوو دەکەن بۆ ئەو دیاردە نا تەندروستە، بەپێچەوانەوە کاریگەری سووتانی بەردەوامی زبڵ و خاشاک، هەم ژینگە و هەمیش تەندروستیمان دەخاتە مەترسییەوە. 
 
مەعروف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە دەڵێت: کۆمەڵێک خەڵک بۆ بژێوی ژیانی خۆیان لێرە پاشماوەکان دەسووتێنن، بۆئەوەی ئاسن و فافۆن و قتووەکان بمێنێتەوە و کۆیبکەنەوە، هەرچەندە پارەیەکی زۆر کەمدەکات کە ئەگەر ئەو کەسانە بیر لەتەندروستی خۆیان بکەنەوە، هەرگیز ئەم کارەناکەن. 
 
پەیامنێری رووداو ماوەی هەفتەیەک بەدواداچوونی لەو شوێنانە کرد کە زبڵ و خاشاکی لێ فڕێدەدرێت، بۆی دەرکەوت، بەشێک لە هاونیشتمانییان کە زبڵەکەیان لە حاویەکان فڕێدەدەن دەشیسوتێنن کە ئەمە تەنیا قەبارەى زبڵەکە بچووک دەکاتەوە، ئەگەرنا سوودی بۆ لەناوبردنی زبڵەکە نییە، بەڵکو ئاو، هەوا و خاکیش بەخۆیەوە دەسووتێنێت. 
 
لە قەزای بازیانیش رۆژانە زبڵ و خاشاک دەسووتێنرێت، نوێنەری کۆمپانیای پاککردنەوەی قەزاکە دەڵێت: هەندێکجار دوای دەواممان دەسووتێنرێت و بەهۆشیەوە سزادەدرێین.
 
یاسین حەمەشەریف، نوێنەری کۆمپانیای شکار لە بازیان: لە ماوەى دوو مانگی پێشوودا لەسەر ئەو بابەتە 10 جار سزادراوین. حاویەش هەیە لە بەیانییەوە دووجار سووتێنراوە، بەڵام هەندێک کەس کە زبڵەکەی دێنێت لەچواردەوری حاویەکە فڕێیدەدات یان ئاگری پێوەدەنێت کە بەهۆیەوە بۆنێکی ناخۆش بڵاودەکاتەوە. 
 
تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو کەسانە سزابدرێن کە ژینگە و سرووشت بە سووتاندنی زبڵ و خاشاک پیس دەکەن. 
 
ئاوات عەزیز، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: کۆمپانیاکانی پاککردنەوە چاودێرییان هەیە، بەڵام هەندێک کات خەڵکی نەناسراو بە شەوان حاویەکان دەسووتێنن یان حاویە بچووکەکان دەشکێنن، بۆیە نازانین کێیە تاوەکو سزابدرێن. 
 
بەپێی ئامارێکی شارەوانیی سلێمانی، رۆژانە لە پارێزگای سلێمانی 900 تۆن زبڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، لەکاتێکدا تەنیا یەک کارگەی ریسایکلین هەیە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە