هاونیشتمانییەک بە پێ لە بەستۆرەوە دەچێتە بارزان
رووداو - هەولێر
بۆ ئەوەی بچێتە سەر گڵکۆی مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی، هاونیشتمانییەک لە بەستۆرەوە بە پێ دەچێتە بارزان، وەکو خۆی دەڵێت، پێشمەرگە بووە لە یەکەی هەشتا و دوور خراوەتەوە و دەیەوێت سکاڵای خۆی "لە بارزان بکات بۆ گەڕانەوەی بۆ پێشمەرگایەتی."
رۆژی شەممە 11ـی ئاداری 2023، هاونیشتمانییەک بەناوی کۆوان فارس بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نیوەڕۆی پێنجشەممەوە بەپێ بەرەو بارزان بەڕێکەوتووە و دەیەوێت بچێتە سەر گڵکۆی مستەفای بارزانی و ئیدریس بارزانی.
کۆوان فارس کە پێشتر پێشمەرگە بووە و ئێستا کرێکارە دەڵێت: "لە رێگە پێڵاوەکانم دڕان؛ تاوەکو پێڵاویان بۆ هێنام نزیکەی سێ کاژێر بە پێ رۆیشتم، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پێیەکانم برینداربن و دواتر چارەسەریی سەرەتاییم بۆ کرا".
کۆوان فارس دەڵێت، ئێستا نزیکە لە بارزان و پێشبینی دەکات تاوەکو نیوەڕۆ بگاتە بارزان و لەبارەی ئامانجی کارەکەیەوە گوتی: "پێشمەرگە بووم لە یەکەی هەشتا، ستەمێکی زۆرم لێکرا و دوورخرامەوە، لەکاتێکدا پارتی و دڵسۆزیی پارتیم، ئێستا دەمەوێت لە بارزان سکاڵای دڵی خۆم بکەم بەڵکو هاوکاریی بکرێم و بگەڕێمەوە شوێنی خۆم لە یەکەی هەشتا".
کۆوان باسی لە هۆکاری دوورخستنەوەکەی کرد و گوتی، هاوژینەکەی منداڵی بووە و داوای مۆڵەتی کردووە و پێی نەدراوە و ئەویش بەبێ مۆڵەت وەرگرتن دەوامەکەی جێهێشتووە؛ گوتیشی: "هەژار و کرێچیم؛ دەچمە بارزان و دەڵێم بیکەن بە خاتری مەلا مستەفای بارزان بمگەڕێننەوە بۆ دەوامەکەم کە نزیکەی ساڵێکە دوورخراومەتەوە".