لە سنووری قەڵادزێ دانیشتووانی 15 گوند داوای چاککردنەوەی پردێک دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

لافاو پێنجشەممەی رابردوو پردی خاسی لە سنووری قەڵادزێ برد، بەهۆیەوە خەڵکی 15 گوند، کە بەسەر پردەکەدا دەچوونە قەزای پشدەر، ئێستا رێگای 20 خولەک بە دوو کاژێر دەبڕن. ئەمڕۆ گوندنشینانی بناری چیای ئاسۆس چوونە قەراغ زێی بچووک و داوایان کرد حکومەت پردەکەیان بۆ چاکبکاتەوە.
 
حاجی ساڵحی تەمەن 63 ساڵ، جوتیارە و خەڵکی گوندی کێلە سپییە، بەهۆی نەبوونی پردی بەستنەوەی گوندەکەیان بە قەزای پشدەر، لەسەر ئەرکی خۆیان زیاتر لە 7 ساڵە لەڕێگەی "تەلەفریکێکی دروستکراو لە کابینە و بەستراوە بە سیم" هاتووچۆ دەکات. ئەم تەلەفریکە، ئێستا نزیکەی هەشت گوندی بناری ئاسۆسی بە قەزای پشدەر بەستووەتەوە. 
 
حاجی ساڵح، جوتیارە و دەڵێ ''داوام لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە وەفایەکیان بۆ گوندەکان هەبێت. گوندەکانی بناری ئاسۆس لانەی هەموو شۆڕش و حیزبەکان بوون''.
 
ژمارەیەکی دانیشتووان و جوتیارانی گوندەکانی بناری چیای ئاسۆس، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک و راماڵینی پردەکەیان، بۆ داوکردنی دروستکردنی پرد لە شوێنی پردە رووخاوەکە، لە خاس گردبوونەوە.
 
عەباس ئیبراهیم، موختاری گوندی کەڵەکان گوتی ''ئێستا منی بەدبەخت و قوڕبەسەر کە دەچم بامیە دەچێنم، چاوەرێی سێ ملیۆن دینار قازانجم، کەچی 700 هەزار دینارم بۆ چاککردنەوەی پردەکە داوە، پردەکەش ئاو بردی. ئێستا دەسەڵاتی ئێمەی تێدا نەماوە''.
 
بۆ گەیشتن بە قەزای پشدەر، ئێستا گوندنشینانی بناری چیای ئاسۆس لەڕێگەی بەلەمی بچوک، یاخود لەڕێگەی دەربەند هاتووچۆ دەکەن.
 
عەبدوڵڵا حوسێن، دانیشتووی گوندی کێلەسپیان دەڵێ ''لە ساڵی نەوەتەکان بەلەم وەرگەڕا و نۆ کەس خنکان؛ سێ تەرم دۆزرانەوە و ئەوانی دیکە تاوەکو ئێستاش نەدۆزراونەتەوە. بەلەمەکانیش کەم بوونەتەوە و وەکو جاران نەماون''.
 
بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین دەڵێت، پێشنیاز کراوە پردێکی 350 مەتری بەبڕی نزیکەی 10 ملیار دینار دروستبکرێت، بەڵام لەبەر نەبوونی پارە، تاوەکو ئێستا پرۆژەکە نەچووەتە واری جێبەجێکردن. 
 
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی راپەڕین گوتی ''لە هەوڵداین دیزایینی پردەکە لەمساڵدا بچێتە قۆناخێکی دیکە و پارەی بۆ خەرج بکرێت''.
 
پردەکە نزیکەی سێ ساڵە لەسەر ئەرکی خێرخوازان و گوندنشینان بە ئارامکۆ دروستکرابوو، ئەوە سێیەم جارە ئاو دەیبات. 
 
هاتووچۆی زیاتر لە 15 گوندی بناری ئاسۆس بەسەر ئەم پردەدا بوو، بەڵام ساڵانە لەوەرزی بارانباریندا و لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک، پردەکە ئاو دەیبات و گوندنیشان ناچارن رێگەی 20 خولەک بە زیاتر لە 2 کاژێر ببڕن بۆ ئەوەی بگەنە قەزای پشدەر.