رووشدی سەعید لە کەرکووک دەستگیر کرا

 

رووداو دیجیتاڵ 


گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، رووشدی سەعید ناسراو بە دکتۆر رووشدی ماوەی سێ رۆژە بەهۆی بوونی چەکی بانکیی ساختەوە دەستگیرکراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 11-3-2023، عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: "بەپێی ماددەی 459 لە یاسای سزادانی عێراقی، رووشدی سەعید ناسراو بە دکتۆر رووشدی ماوەی سێ رۆژە لە شاری کەرکووک بەهۆی چەکی بانکیی ساختەوە دەستگیرکراوە".
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتی، دوای بڕیاری دادوەر، تۆمەتبارەکە لە هەر شارێک داواکراو بێت و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار کرابێت، رەوانەی ئەو شارەی دەکەنەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، بە تۆمەتی "فێڵکردن" لە خەڵکی، ماوەی ساڵ و نیوێکە برایەکی رووشدی سەعید بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرە.

 

 
رووشدی سەعید دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەدام خۆی وەک وەبەرهێنەرێک ناساند و کۆمەڵێک پڕۆژەی هەبوون، وەک پڕۆژەی (دەشتی بەهەشت) لە هەولێر و (ستی ستارز) لە دهۆك.
 
لە سەرەتای ساڵی 2014دا سەرجەم پڕۆژەکان لە رووشدی سەعید وەرگیرانەوە، بەڵام سەرەتای ساڵی 2015 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕاوەتەوە و پلانی هەیە پڕۆژەکان وەربگرێتەوە. 
 
لە هەمان کاتیشدا لە ساڵانی رابردوودا ژمارەیەک هاووڵاتی و هاونیشتمانی سکاڵایان لەسەر ئەو هاووڵاتییە و ژمارەیەک وەبەرهێنەری دیکە تۆمارکردووە. 
 
لە ئابی 2018دا بەختیار ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی دهۆك بە رووداوی گوت، سێ سەرمایەدار دراونەتە دادگە و "یەكێك لەوانە رووشدی سەعید، بەڕێوەبەری كۆمپانیای عادل ئەلموتەحیدەیە كە 33 سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە. هەندێك لە دۆسیەكانی لە دادگە یەكلابوونەتەوە و بەپێی ئەو دۆسیانەی یەكلاكراونەتەوە، ئەگەر ئێستا دەستگیربكرێ‌ و سزاكانی بەسەردا جێبەجێ‌ بكرێ‌، دەبێ‌ 200 ساڵ لە زیندان بێ‌".