چوارقوڕنە؛ لە رووداوێکی هاتووچۆدا پۆلیس دەستبەسەر بڕێك ماددەی هۆشبەردا دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی بیتوێن لە شارۆچکەی چوارقوڕنە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوێکی هاتووچۆ کرایەوە و ئۆتۆمبێلەکان پشکنینیان بۆ کرا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان ماددەی هۆشبەری تێدا دۆزرایەوە. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕینیش دەڵێت، "تۆمەتبارەکان عەرەبن و دانیشتووی بەغدان".
 
رۆژی هەینی 11-3-2022، موقەدەم شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری شارۆچکەی چوارقوڕنە لە جۆری پێکدادان و دوای کەوتنەوەی بریندار لە رووداوەکەدا، لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە لە جۆری نیسان سەنی بوو، بڕێک ماددەی هۆشبەر دۆزرایەوە.
 
ئەو کەسانەی لە نیسان سەنییەکەدا بوون چوار کەسن، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، پێشتر ئەو کەسانە لە پۆلیسی دووکان بە گوێرەی یاسای ماددەی هۆشبەر داواکراو بوون، ئەمانیش پۆلیسی دووکانیان لە رووداوەکە ئاگادار کردەوە.
 
گوتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت، دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکە هەندێک کارتی نشینگەیان دۆزیوەتەوە و گومانیان لە دروستییان هەبووە و بۆیە ناردوویانن بۆ ئاسایشی سلێمانی بۆ دڵنیابوون لە راستیی و دروستییان.
 
بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل، ئەو کەسانەی تۆمەتبارن ناسنامەکەیان بەمجۆرەیە: (ح. ا. خ. م) لەدایکبووی ساڵی 2000، (ی. ش. ع. ع) لە دایکبووی 1988، (ا. ح. م. م) لەدایکبووی 1990، (ا. ع. غ. ج) لەدایکبووی 1999 و سەرجەمیان پیاون و دانیشتووی بەغدان.