بەهۆی کۆرۆنا بەشێک لە دووکاندارانی لەنگەی هەولێر داوادەکەن بازاڕەکە دابخرێت

رووداو - هەولێر 

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەشێک لە دووکاندارانی بازاڕی لەنگەی هەولێر داوا دەکەن دووکانەکانیان دابخرێن. 
 
بازاڕی لەنگەی هەولێر، شوێنێکی گونجاو و لەبارە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس، ترس لە زیانی ماددی دووکاندارانی ناچارکردووە بێگوێدانە مەترسی تووشبوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەردەوامبن لە کارکردن.
 
کاردۆ کامل ماوەی 14 ساڵە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دووکاندارە و دەڵێت "داوا لە حکومەت دەکەم بە زووترین کات بازاڕەکە دابخات، چونکە ئێمە سەلامەتی خۆمان و خەڵکمان دەوێت نەک پارە".
 
زەرەرمەندی یەکەم لەداخستنی ئەم بازاڕە ئەو دووکاندارانەن کە کرێچین، ئەوان چاوەڕێی بڕیاری داخستنی بازاڕەکەیانن لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا ناچار بەپێدانی کرێی دووکانەکانیان نەبن.
 
هێشتا دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی کە بازاڕەکان دابخرێن، بەڵام رێنماییە  تەندروستییەکان بەو جۆرەن بۆ پێشگریی لە کۆرۆنا هاونیشتمانییان لە هەموجۆرە کۆبوونەوە و قەرەباڵخییەک دووربکەونەوە.
 
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو بڕیارەی کە بازاڕەکان دابخەین، بەڵام ئەگەر پێویست بکات لە پارێزگا کۆبوونەوە دەکەین و لەبارەی داخستی بازاڕەکان بڕیاردەدەین.
 
بازاڕی لەنگە لە ساڵی 2000 دروستکراوە و یەكێکە لە بازاڕە هەرە قەرەباڵخەکانی هەولێر، بازاڕێکی داخراوە و زۆربەی کۆڵانەکان و رێڕەوەکانی تەنگەبەرن، لە دوو هەزار و 400 دووکان پێکدێت.