بەشێک لە ئارایشتکاران بە نهێنی سەردانی ماڵان دەکەن
رووداو - هەولێر
چنار زیاتر لە 16 ساڵە کاری رازاندنەوەی خانمان دەکات، ئەو ئارایشتگەی نییە، بەڵام ساڵێکە بە چوونی بۆ ماڵان لە کارەکەی بەردەوامە و بڕیاری داخستنی ئارایشتگەکانیش رێگریی لە کارکردنی ئەو نەکردووە.
چنار محەممەد، ئارایشتکار دەڵێ "من لە ماڵەوە کاردەکەم، ئەوەی ساڵۆنیشی هەیە خەریکە لە ماڵەوە کاردەکات، کارەکە هیچ رانەوەستا، نە ئەم کارە و نە هیچ کارێکی دیکە، من تەنانەت رۆشتوومە بۆ خەستەخانەش بینیومە خۆیان دەمامک نابەستن".
داخستنی ئارایشتگەکان بەر لە هاتنی نەورۆز، زیانێکی گەورەی بە خاوەنەکانی گەیاندووە. زارا خەڵکی باکووری ئێرانە و 13 ساڵە لە هەولێر کاردەکات، ساڵانە لەم 20 رۆژەدا زیاتر لە 20 هەزار دۆلار داهاتی هەبووە، بەڵام بۆ یەکەمجارە بەم شێوەیە زیانیان بەردەکەوێت، ئەو ئێستا زیاتر خەمی شاگردەکانیەتی.
زارا حوسەین عەلی، ئارایشتکار ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە شاگردەکانی سوورییە و سێ شاگردی دیکەیان خەڵکی ئێرانن و دەڵێ "ئەوان دەبێ ئەم مانگە یەک ملیۆن پارەی ئیقامە بدەن، من زۆر نیگەرانم کە ناتوانم مووچەکانیان بدەم".
بڕیاری داخستنی ئارایشتگەی خانمان لە پێنجی مانگی شووباتەوە دەرکراوە، بڕیارێک کە وەزارەتی تەندروستی بە تەنیا بژاردەی گونجاو بۆ خۆپارێزی لە کۆرۆنای دەزانێت.
محەممەد خۆشناو، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باسی لەوە کرد "لیژنەکانی پشکنین و بەدواداچوون سەرقاڵی زۆر شتی دیکەی گرنگن و ئێمە ناتوانین چاودێریی ئەم هەموو ساڵۆنە، چایخانە و کافتریا و چێشتخانانە بکەین، پێویستە هەموویان بەدواداچوونیان بۆ بکریت کە ئێستا لە توانای وەزارەتدا نییە، بۆیە هەر دەبێت دابخرێن".
سەرەڕای بڕیارەکە بەشێک لە ئارایشtگەکان بە چوونیان بۆ ماڵان یان کردنەوەی دەرگاکانیان بەشێوەی نهێنی بۆ سەردانیکەرە تایبەتەکانیان لە کارەکانیان بەردەوامن، سەرکێشییەک کە هێشتا زۆر کەس خۆی لە قەرەی خۆپارێزی لە کۆرۆنا نەداوە و لەنێوان جوانی و تەندروستیی گشتی، بژاردەی دڵخوازراوی خۆی هەڵبژاردووە.