قوباد تاڵەبانی چەند پڕۆژەیەک لە سلێمانی دەکاتەوە

11-03-2018
گۆڤەند مستەفا
قوباد تاڵەبانی، بە یاوەوری نەورۆز مەولوود و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پڕۆژەکان بەسەردەکەنەوە
قوباد تاڵەبانی، بە یاوەوری نەورۆز مەولوود و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پڕۆژەکان بەسەردەکەنەوە
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی

جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە یاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چەند پڕۆژەیەک لە سلێمانی دەکاتەوە و پاشان سەردانی چەند پڕۆژەیەکی دیکە دەکەن کە هێشتا بەشێکی کارەکانیان تەواو نەکراوە. 

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "سەردانی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەسەرکردنەوەی چەند پڕۆژەیەکە، کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەندێکیان کارەکانیان راگیرابوو، دواتر لە ئەنجوومەنی وەزیران پارەیان بۆ تەرخانکراوە، هەندێکیان نزیکن لە تەواوبوون و هەندێکیشیان تەواوبوون، وەکو بەرزە پردی کۆبانێ، کە یەکێکە لە بەرزە پردە هەرە گرنگ و مۆدێرنەکان کە لە هەرێمی کوردستان دروستکراوە".

پەیامنێری رووداو دەڵێت، قوباد تاڵەبانی، بە یاوەوری نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پڕۆژەکان بەسەردەکەنەوە.

سەمیر هەوارمی، راوێژکاری قوباد تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی چەند پڕۆژەیەک دەکات لە شاری سلێمانی، کە بەشی هەرە زۆری تەواو بووە، دەتوانین بڵێین 90%ـی تەواو بووە، بۆ نموونە پردی مامۆستایان بەرامبەر فامیلی مۆڵ و هەروەها باخی مەولانا".

راوێژکاری قوباد تاڵەبانی گوتی، دوای بەسەرکردنەوەی ئەو دوو پڕۆژەیە بڕیارە سەردانی پرۆژەی تایبەت بە باڵەخانەی پارا ئۆڵۆمپی کوردستان بکرێت و دوای ئەو سەردانەی پردی دەباشان و پاشانیش پردی کۆبانی دەکرێتەوە، بڕیارە دواتر سەردانی هەواری شار و لەوێ شوێنی شانۆ رۆمانییەکە بکەینەوە.

سەرباری ئەو قەیرانە داراییەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، سەمیر هەورامی دەشڵێت، توانیومانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامی بە کارەکانی هەندێک پڕۆژەی ستراتیژی بدەین، سەرباری ئەوەی ساڵەکانی 2015 و 2016 بەشی هەرە زۆریان بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیران، خۆشبەختانە ساڵی پار توانیمان بەشێکی زۆر بە تایبەت پڕۆژە ستراتیژییەکان بخەینەوە گەڕ.


پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە