رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەویی بەسەر فەرمانبەراندا راگەیاند. قایمقامی زاخۆ دەڵێت، "دەستپێکردنی قۆناخی دووەم لە زاخۆوە دەبێت و 15 هەزار پارچە زەوی بۆ دابەشکردن ئامادەکراون."
رۆژی سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، موشیر بەشیر، قایمقامی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەموو ئامادەکارییەک بۆ قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی لە ئیدارەکە تەواو بووە، چاوەڕێی دەکەین لیستی ناوەکان بۆ شارەوانیی زاخۆ بگەڕێتەوە و زەوییەکان دابەش بکەین."
لە قۆناخی دووەمدا، زیاتر لە 240 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن. قایمقامی زاخۆ دەڵێت، "15 هەزار پارچە زەوی لە ئیدارەکە ئامادەکراون و پێش هەموو شوێنێک لە زاخۆ دەستپێدەکات."
لەبارەی شوێنی زەوییەکان، موشیر بەشیر گوتی، "زەوییەکان کەوتوونەتە دەڤەری سەلکا، خرابدار، خیلەخ و ئافرما."
قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی لە 17ـی تشرینی دووەمی پار دەستیپێکرد. لە هەولێر 5 هەزار، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە گەرمیان دوو هەزار و 474، لە دهۆک هەزار و لە زاخۆش هەزار و 241 پارچەزەوی دابەش کران.
09-02-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە"
لە گەڕی دووەم، زەوییەکان دەکەونە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ. ئەمە وەکو حکومەت بڵاویکردووەتەوە. دەشڵێت، ئەم جارە 240 هەزار و 111 فەرمانبەر سوودمەند دەبن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری 2024 بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
سێ مەرجیش دیاریکراون بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران، ئەوانیش، ساڵانی خزمەت، ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ