رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 دەڵێت، ئەو گرتە ڤیدیۆیەی شۆفێرەکەی عەلی حەمەساڵحی لەسەر دەستگیرکراوە، ڤیدیۆیەکی ئاساییە و رۆژانە خەڵک لەو جۆرە ڤیدیۆیانە تۆمار دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە. رێخەری سەنتەری میترۆش دەڵێت، "ئادەم عوسمان هیچ تاوانێکی نەکردووە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025 رایگەیاند، "لە هەندێک لە پلاتفۆڕمەکانی نەیاری قەوارەی هەرێمی کوردستان، بۆ چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆی نادروست بڵاوکراونەتەوە، بۆیە پۆلیس بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاسایشی هەولێر بەدواداچوونیان دەستپێکرد و گەیشتنە ئەنجام و کەسێک دەستگیرکرا."
ئادەم عوسمان، ئەو کەسەی پۆلیس دەستگیری کردووە، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە پۆلیس وەکو دانپێدانان بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "عەلی حەمەساڵح پەیوەندی پێوەکردم و لەوێوە چووینە بەردەم یوئێن، خۆم شۆفێریم دەکرد و ئۆتۆمبێلەکەش هی من بوو، ڤیدیۆی شوێنەکەی گرت، دواتر چووینە بەردەم پەرلەمان و لەوێش ڤیدیۆی شوێنەکەی تۆمارکرد، دواتر نازانم ڤیدیۆی بۆ کوێ ناردووە. دوای ئەوە چووینە بازگەی دێگەڵە، لەوێ سەیرمان کرد ڤیدیۆکان لە (سابرین نیوز) بڵاوبوونەتەوە."
9-2-2025، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و گوتیان، ئامانجیان ئەوەیە داواکاریی مانگرتووان لەنزیکەوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیێنن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێنەدرا بێنە هەولێر.
تۆڕی هاوپهیمانیی 19 راگەیێندراوێکی لەسەر دەستگیرکردنی ئادەم عوسمان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەو تۆمەتەی لەسەری دەستگیركراوە، "رۆژانە هاووڵاتییان لەو جۆر گرتە ڤیدیۆیانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكەنەوە".
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەداوە کە پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح رایگەیاندووە، خۆی گرتە ڤیدیۆییەكانی گرتووە و پاشان لە فەیسبووک بڵاویكردووەتەوە، بۆیە "بڵاوكردنەوەی ئەم جۆرە گرتە ڤیدیۆییانە تاوان نییە نە بۆ هاووڵاتیی ئادەم عوسمان، نە بۆ پەرلەمانتار عەلی حەمەساڵح."
تۆڕی هاوپەیمانیی 19 لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا داوا لە دەسەڵاتی داوەری و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکەن، ئەو کەسە ئازاد بكەن و تۆمەتەكانی لەسەر لاببەن.
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە رووداوی گوت: "ئەو هاووڵاتییە تەنیا لەسەر گرتەڤیدۆیەک دەستگیرکراوە، بۆیە ئەمە هیچ تاوان نییە و ئەو تاوانی نەکردووە."
هاوپەیمانی 19، لە نیسانی 2024 بە دەستپێشخەریی سەنتەری میترۆ دامەزراوە، پێكدێت لە كۆمەڵێک داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوەكانی میدیا لە هەرێمی كوردستان. خۆیان دەڵێن، کار دەکەن بۆ چاودێری و بەرەوپێشبردن و پاراستنی ئازادیی رادەربڕین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ