ئەنجوومەنی وەزیران دامەزراندن، گواستنەوە، سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی راگرت

11-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، دامەزران بە هەموو شێوەیەک، گواستنەوەی فەرمانبەران، سەرمووچەی ساڵانە و درێژکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی رابگرێت، تاوەکو ئەو کاتەی خشتەکانی بودجەی 2025ـی عێراق پەسند دەکرێن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکانی دانیشتنی رۆژی 5ـی ئەم مانگەی خۆی بڵاوکردەوە کە بەگوێرەی بڕیارەکانی، لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025 دەبێتە بنەما بۆ ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان بۆ تەواوی ساڵی دارایی 2025. هەروەها دامەزراندن بە هەموو شێوازەکانییەوە رادەگیرێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیران هۆکاری بڕیارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە تاوەکو ئێستا خشتە نوێیەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵی ساڵی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسند نەکراون و ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکراون بۆ بڕیاردان.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە پێناو گەرەنتیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوی مانگەکانی 2025، لەبەر رۆشنایی دوایین لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ لە رێککەوتی 3ـی شوباتی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دا:
 
1. پابەندبوونی گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم تەشکیلاتەکانیان و تەواوی دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان، بە خشتەی هێزی کاری کارپێکراوی جێگیرکراو لە لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025، لەڕووی ژمارەی هێزی کار و بڕی خەرجی، مووچە و شایستە داراییەکانی دیکەی هاتوو لە لیستی مووچەی ئەو مانگە تاوەکو پەسندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بۆ ئەم مەبەستەش لیستی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025 دەبێتە بنەما بۆ ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەرخانکراوە داراییەکان بۆ تەواوی ساڵی دارایی 2025 بۆ سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (مەدەنی، سەربازی، پێشمەرگە، ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ).
 
2. راگرتنی دامەزراندن بە هەموو شێوازەکانی (دامەزراندنی هەمیشەیی، دامەزراندن بە گرێبەست، دامەزراندنی کاتی، دامەزراندن لەسەر داهاتی ناوخۆ، دامەزراندن بە لە جیاتی دانان، وانەبێژ و خۆبەخش)، هەروەها گەڕانەوە بۆ وەزیفە یان هەر شێوازێکی دیکەی دامەزراندن لە کەرتی وەزیفەی گشتی لە سەرجەم وەزارەت و لایەنەکانی وەزارەت و گشت تەشکیلاتەکانیان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی (مەدەنی، سەربازی، پێشمەرگە، ئاسایش و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ)، هەروەها سڕینەوەی هەموو ئەو پلە وەزیفیانەی کە لە ساڵی 2025 لە خشتەی میلاک چۆڵ دەبن بەهۆی گواستنەوە، خانەنشینبوون، دەستلەکارکێشانەوە، یان کۆچی دوایی لەگەڵ رەچاوکردنی حوکمی بڕگەکانی مادەی 14 لە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، ژمارە 13ـی ساڵی 2023. ئەم رێکارانەش کاتین و بەردەوام دەبن تاوەکو پەسندکردنی خشتەی نوێی بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە.
 
3. راگرتنی بەخشین و بەستنی دەرماڵەی نوێ بۆ سەرجەم مووچەخۆران و پابەندبوون بەو رێژە و بڕانەی دەرماڵە کە لە لیستی مووچەی کانوونی دووەمی 2025 هاتووە.
 
4. جەختکردنەوە لەسەر قەدەخەکردنی دامەزراندن لە هەر وەزیفەیەکی سەرکردایەتی و پلە تایبەت (بەڕێوەبەری گشتی و بەرەوژوور)، ئەگەر پلەی وەزیفی چۆڵ و تەرخانکراوی دارایی پێویست لە یاسای وەزارەت یان لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت نەبوو.
 
5. قەدەخەکردنی گواستنەوەی راژەی فەرمانبەران لە سەرجەم بوارەکانی وەزیفەی گشتی لە نێوان سەرجەم وەزارەتەکان و لایەنەکانی دیکەی نەبەستراو بە وەزارەت یان لە نێوان تەشکیلاتەکانیان بەبێ رەچاوکردنی سەرچاوەی داراییکردنیان بە شێوەی (تەمویل زاتی) بێت یان (تەمویل مەرکەزی).
 
6. راگرتنی هەژمارکردنی خزمەت بۆ مەبەستەکانی وەزیفەی گشتی (جگە لە مەبەستی خانەنشینی)، وەک ماوەی دەرکردنی سیاسی، خزمەتی پارێزەرایەتی، خزمەتی گرێبەست و خزمەتی رۆژنامەنووسی، هەروەها هەژمارنەکردنی بڕوانامەی نوێ بۆ ئەوانەی کە لە کاتی وەزیفەی گشتییدا بڕوانامەی باڵاتری خوێندن بەدەستدەهێنن.
 
7. کارکردن بە گشتاندنەکانی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە ژمارە 7494ـی 9-3-2021، تایبەت بە سەرمووچە و پلەبەرزکردنەوە بەهۆی نادیاریی خەمڵاندنەکانی سەقفی خەرجییەکانی بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵی 2025.
 
8. جەختکردنەوە لە بڕگەی حەوتەم لە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران/ نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 191 لە 15-1-2025 کە گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت پێویستە پابەندبن بە بەرزنەکردنەوەی پێشنیازی داوای درێژکردنەوەی تەمەنی یاسایی خانەنشینی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەبەر ئەوەی بەپێی حوکمەکانی مادەی 13 لە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2019، (یاسای هەمواری یەکەمی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014)، درێژکردنەوەی راژەی فەرمانبەر لە کاتی تەواوکردنی تەمەنی یاسایی خانەنشینی فەرمانبەران هەڵوەشاوەتەوە.
 
9. کارکردن بە سەرجەم رێکارەکانی هاتوو لە بڕگەکانی ئەم بڕیارە کاتییە و سەرتاسەرییە، لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێت و پەیوەست نییە تەنیا بە هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ئەم رێکارانە بەردەوام دەبێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، تاوەکو پەسندکردنی خشتە نوێیەکانی بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2025 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران.
 
10. گشت وەزارەت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت ئەم بڕیارە جێبەجێ دەکەن لە رۆژی دەرچوونییەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی

شەوی رابردوو لە هەولێر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبوونەوە، لە دیدارەکەیان جەختیان لە "پێويستيى يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌نێو هێز و لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا دا" کردەوە.