رێگەوبانی هەولێر: 90٪ی رێگەوبانەکان پێویستیان بە چاککردنەوەیە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر رایگەیاند، لە نزیکەی شەش هەزار کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەولێر و 90٪ی رێگەکان پێویستیان بە چاککردنەوەیە. 
 
عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، هەموو پرۆژەکانی کەرتی رێگەوبان بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینەوە راگیراون و تەنیا کێشەی ئەوان نەبوونی پارەیە بۆ پرۆژەکان.
 
رۆژانە بەشێکی زۆر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانەی دەکرێت بۆ بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، گلەیی لە خراپیی رێگەوبانەکان دەکەن، یەکێک لەو رێگایانەش رێگەی هەولێر - خەباتە.
 
عیماد محەممەد دەڵێت، رێگەی هەولێر- خەبات، لە بازگەی کۆنی کانی قرژاڵەوە بۆ خەبات، سنووری کاری ئێمەیە و یەکێکە لە گرنگترین رێگەکانی هەولێر، ئەو رێگەیە دوو بەشە، بەشێکی کە 6.6 کیلۆمەترە، ساڵی 2022 رەزامەندی درابوو بە چاککردنی، نزیکەی 2.5 کیلۆمەتری تەواوکراوە و بەشەکەی دیکەی بەهۆی نەبوونی نەختینەوە راگیراوە.
 
گوتیشی، بەشی دووەمی لە عەلوەی هەولێر بۆ کانی قرژاڵە، پرۆژەیە لەلایەن پارێزگاوە و ئێستا ئەویش بەهۆی گرفتی نەختینەوە راگیراوە.
 
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، "هەفتەی رابردوو وەزیری ئاوەدانکردنەوە خۆی هاتووەتە سەر هێڵ و داوایکردووە بەزوویی دەرخستەی رێگەی هەولێر - خەبات بۆ هەردوو سایدەکەی ئامادە بکرێت."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگەی شکارتە - بالیسان، رێگەی گوندەکانی سنووری ماستاوە - عەلیاوە، رێگەی پردی رووبار لە سنووری باسرمە و تەواوکردنی هەردوو تۆنێلی شەقڵاوە و میراوە لەگەڵ بەشێکی رێگەکە. هەموویان بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون و چاوەڕوانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانین.
 
عیماد محەممەد دەڵێت، وەکو بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبان سێ بودجەمان هەن بۆ چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانەکان؛ بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، داهاتی وێستەگانی کێش و بودجەی پارێزگای هەولێر.
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لە ساڵی رابردوودا جێبەجێیان کردووە، دەڵیت،" لە ساڵی رابردوو لەسەر بودجەی داهاتی وێستگەکانی کێش 28 پرۆژە جێبەجێکراوە."
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر، زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر رێگەی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەولێردا هەن.
 
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، "بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی کردوومانە نزیکەی 90٪ی هەموو پرۆژەکانی رێگەوبان لە هەولێر پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، لە ماوەی ساڵانی رابردوو چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانەکان بەشێوەیەکی خێرا دەستی پیکرد، ئێستا هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی قۆناخی دووەمی ئەو چاککردنەوەی خێرایە دەستپێبکاتەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە سێ پرۆژەی رێگەوبان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێی بکات.
 
عیماد محەممەد دەڵیت، رێگەی کانی بزرە - قەشقە، هەموو دیزاین و رێکارە کارگێڕییەکانی تەواوکراوە و پێشکێشکراوە. چاوەڕوانی رەزامەندیی حکومەتی عێراق و وەزیری دارایین.