یەکێتیی مامۆستایان: 80%ـی قوتابخانەکان کراونەتەوە

11-02-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، نزیکەی سێ هەزار مامۆستا کە بایکۆتیان کردووە سزا دراون و بە نەهاتوو دانراون. جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت، هیچ مامۆستایەک بەوانی نەگوتووە سزا دراوە تاوەکو پاڵپشتی لێ بکەن.
 
بایکۆتی مامۆستایان لە بەشێکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەردەوامە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین لیستی ناو بڵاوکراونەتەوە کە گوایە مامۆستان و بەهۆی بایکۆتەوە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیانەوە سزا دراون.
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ رۆژی یەکشەممە، 11-02-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەنێو شاری سلێمانیدا نزیکەی سێ هەزار مامۆستا سزادراون و بە نەهاتوو هەژمار کراون."
 
مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتدا دڵنیا دەبنەوە کە پارەیان لێ بڕدراوە یان نا. کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، بەشێکی مامۆستایان "سزا"کەیان بە دوورخستنەوە و گواستنەوەیان بووە لە قوتابخانەکانی پێشوویان.
 
بەرپرسانی پەروەردەی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی سزادانی مامۆستایانی بایکۆت نەداوە و لێدوان بۆ میدیاش نادەن.
 
هۆکاری بایکۆت لەو سنوورانە دوو داواکاری سەرەکییە؛ دامەزراندنی وانەبێژان و پلەبەرزکردنەوەی دامەزراوان.
 
عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سزادانی مامۆستایان تەنیا بە دەنگۆ بە ئێمە گەیشتووە و تاوەکو ئەمڕۆ هیچ مامۆستایەک نەهاتووە بڵێت لەبەر بایکۆت سزا دراوە".
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی، ئەگەر مامۆستایەک بەوان بڵێت سزا دراوە، هاوکاری دەکەن و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداردا گفتوگۆ دەکەن و داکۆکی لێدەکەن.
 
لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەکانیش عەبدولواحید محەممەد گوتی، بە گوێرەی زانیاریی ئەوان و داتای پەروەردەکان، نزیکەی 80%ـی قوتابخانەکان خوێندنیان دەستپێکردووەتەوە.
 
جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دۆخی خوێندن لە ناوچەی بایکۆت زۆر باشە و رۆژبەڕۆژ بەرەو باشتریش دەڕوات."
 
نوێنەرەکەی وانەبێژانیش گوتی، "دەستپێکردنەوەی خوێندن لە زۆرینەی قوتابخانەکان تەنیا نێو شاری سلێمانییە. لە قەزا و ناحییەکان ئێستاش زیاتر لە 80%ـی مامۆستایان بەردەوامن لە بایکۆت."
 
رۆژی سێشەممە دەبێتە پێنج مانگ کە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە بایکۆت لە بەشێکی قوتابخانەکان بەردەوامە و خوێندن وەکو پێویست نییە.
 
رۆژی 08-01-2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ساڵنامەی نوێی خوێندنی راگەیاند و بە گوێرەی ساڵنامەکە، پێویست بوو 9ـی هەمان مانگ وەرزی یەکەمی خوێندن دەستپێبکات و تاوەکو 4ـی ئاداری ئەم ساڵ بخایێنێت.
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛  نزیکەی 700 هەزار قوتابی لەو سنوورانە دەخوێنن بایکۆتی تێدایە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نەسروڵڵا رەشنوودی، سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر

کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر: 20 هاووڵاتیمان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان ئازاد کران

سەرکۆنسووڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، دوای هەوڵ و بەدواداچوونیان و رەزامەندیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، 20 زیندانیکراوی ئێرانی لە هەرێمی کوردستان ئازاد کران. بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، 13یان حوکم درابوون