هەوڵی داگیرکردنی بەشێکی زەوییەکانی سەرگەڕان دەدرێت؛ 'بەنیازن رێڕەوی ئاوی زێی بچووک بگۆڕن'

11-02-2024
سۆران حوسێن
نیشانەکردن سەرگەڕان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان دەڵێت، بەشێکی عەرەبی سنوورەکە "بە هاوکاریی حەشدی شەعبی" سەرقاڵی پیلانێکن بۆ داگیرکردنی نزیکەی هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی کورد.
 
کێشەی جووتیارانی کورد و عەرەب لەسەر نزیکەی هەزار دۆنم زەوییە لە گوندی جێسمە لە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبزی پارێزگای کەرکووک. 7ـی ئەم مانگە بڕیاربوو لیژنەیەکی کشتوکاڵی سنوورەکە بۆ کێشەکە بچنە گوندەکە، بەڵام گردبوونەوە و ناڕەزایی جووتیارانی کورد رێگەی بە چوونی لیژنەکە نەدا.
 
بە تەنیشت گوندی جێسمەدا زێی بچووک دەڕوات، بەرێکی زێیەکە جووتیارانی کورد تێیدا دەژین و بەرەکەی دیکە عەرەبنشینە؛ بە تێپەڕبوونی کات رێڕەوی ئاویی زێیەکە گۆڕاوە و ئەو شوێنەی پێشتر ئاوی پێدا رۆیشتووە، وشکبووە و بووە بە زەوی و جووتیارانی کورد بەکاریدەهێنن. ئێستا عەرەبی ناوچەکە ئەو شوێنەی وشکبووە بە زەوی خۆیان دەزانن و داوای دەکەن.
 
محەممەد ئەمین، سەرۆکی لیژنەی بەرگریکار لە جووتیارانی سەرگەڕان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 11-2-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا عەرەبی ئەوبەری زێیەکە شۆڤڵیان هێناوە و دەیانەوێت بەزۆر رێڕەوی ئاوەکە بگۆڕن بەلای گوندەکەی ئێمەدا. بێگومان ئەوەش بکەن سنوورەکەیان وشک دەبێت و دەیکەنە زەویی کشتوکاڵی."
 
جووتیارانی گوندی جێسمە دژی بردنی شۆڤڵ و گۆڕینی رێڕەوی ئاوەکە لایەنە بەرپرسەکانی ناوچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە. محەممەد ئەمین گوتی، "عەرەبەکان چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی حەشدی شەعبییان هێناوە بۆ پارێزگاریکردن لە شۆڤڵەکان." 
 
لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دەیان هەزار دۆنم زەویی هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای کەرکووک هەوڵی تەعریبکردنیان دراوە و لە چەند شوێنێکیش، دەستگیراوە بەسەر زەویی هاونیشتمانیان و رێگری لە کارە کشتوکاڵییەکانیان کراوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە