لە سنە خواردنگەیەک بەهۆی فرۆشتنی گوشتی ئەسپ داخرا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە شاری سنە، خواردنگەیەک لەبەر ئەوەی ئەسپی سەربڕیوە و گۆشتەکەی داوەتە کڕیاران، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەزگەی چاودێری بازار و سزادانی ئەو پارێزگایەوە داخرا و خاوەنەکەی دەستگیرکرا.
 
حوسێن رەحیمیان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی چاودێریی بازار و سزادانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "خواردنگەیەک لە سێڕیانی حەبیبیی شاری سنە بە هۆی فرۆشتنی گوشتی ئەسپ و بەکارهێنانی ئەو گوشتە لە خواردنی کڕیاراندا، داخرا."
 
حوسێن رەحیمیان گوتی، "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە کە لە خواردنگەیەک لە شاری سنە گوشتی ئەسپ دەفرۆشرێت، تیمەکانمان بە هاوکاری لەگەڵ تیمەکانی ڤیتێرنەری و تەندروستیی پارێزگاکە سەردانی شوێنەکەیان کرد و دوای پشکنین و تاقیکردنەوە بۆیان دەرکەوت کە ئەو گوشتەی لەو خوارنگەیە بەکارهاتووە، گوشتی ئەسپ بووە، بۆیە بە بریاری داواکاری گشتیی شارەکە، خواردنگەکە داخرا."
 
گوتیشی، خاوەنی خواردنگەکە دەستگیر کراوە و "لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا خاوەنی خواردنگەکە گوتوویەتی، گوشتی ئەسپیان داوەتە ئەو کەسانەی کە خۆیان داوای ئەو گوشتەیان کردووە و حەزیان لێیەتی."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دەزگەی چاودێری بازار و سزادانی پارێزگای سنە، لەم ماوەی دواییدا تیمە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ڤیتێرنەری و تەندروستیی پارێزگاکە، تەنیا لە شاری سنە پشکنینیان بۆ 32 خواردنگە کردووە کە دوو لەو خواردنگەیانە کێشەیان هەبووە، کە ئێستا یەکێکیان داخراوە و ئەوەی دیکە دۆسیەکەی کراوەیە و هێشتا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.
 
حوسێن رەحیمیان هەروەها رایگەیاند، خاوەنی خواردنگەکە بێجگە لەوەی لە لایەن دەزگەی چاودێری بازار و سزای پارێزگای سنەوە، سزای دارایی بەسەریدا دەسەپێندرێت، لە دادگەش دۆسیەی لە دژی دەکرێتەوە و ئەگەر داواکاری گشتی بە تۆمەتی دروستکردنی مەترسی بۆسەر تەندروستی هاووڵاتیان سکاڵا تۆمار بکات، لەوانەیە سزای زیندانیکردنیش بەسەر ئەو کەسەدا جێبەجێ بکرێت.