لە کەرکووک دوو برا کوژران

رووداو دیجیتاڵ 


لە گەڕەکی دەروازەی شاری کەرکووک تەقە لە دوو برا کرا کە هەردووکیان سواڵکەر بوون و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
 
ئەو دوو برا کوژراوە ناویان یەحیا جەمال عوسمان، تەمەن 21 ساڵ و عادل جەمال عوسمان، تەمەن 23 ساڵە، بە گوتەی سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک، ئەو دوو برایە خەڵکی کەرکووک نین و "ماوەیەکە هاتوونەتە شارەکە و سواڵیان کردووە."
 
لە ئێستادا هێزەکانی پۆلیس لە شوێنی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و بەگوێرەی زانیارییەکان، کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەو دوو گەنجە دەستگیرکراوە و کەسێکی دیکەش کە لەگەڵ گیراوەکە بووە، رایکردووە.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی پۆلیس، دەرکەوتووە رووداوەکە لە ئەنجامی دەمەقاڵەی نێوانیان دوو برا کوژراوەکە و دوو بکوژەکەدا بووە. ئەو چوار کەسە بەیەکەوە سواڵیان کردووە و لەسەر دابەشکردنی پارەکە لێیان بووە بە شەڕ، دواتر دوو گەنجە کوژراوەکە سواری ماتۆڕێک بوون و یەک لە بکوژەکان دەمانچەی پێبووە و لەسەر شەقامەکە تەقەی لێکردوون و هەردووکیانی کوشتووە.
 
ئێستا تەرمی کوژراوەکان رەوانەی دادپزیشکیی ئازادی کەرکووک کراوە و تۆمەتبارەکەش لەژێر لێکۆڵینەوەی پۆلیسە، هاوکات هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک دەستیان کردووە بە گەڕان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی دیکە.