لەگەڵ رەنج؛ کوالێتیی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان مەترسی بۆ تەندروستیی گشتی دروستکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی پێنج هەزار موەلیدەی ئەهلی ‌و زیاتر لە ‏‏سێ هەزار ‏موەلیدەی تایبەت هەن، بەدەر لەمەش دوو ملیۆن و 370 هەزار ئۆتۆمبێل هەن کە رۆژانە پێویستیان بە سووتەمەنییە. سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین دەڵێت، زیاتر لە 95٪ـی ئەو گازوایلەی لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت ناکرێ ناوی گازوایلیان لێ بنرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، 11ـی شوباتی 2024، بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی د. سەنگەر ساڵح، سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین؛ رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ‏ژینگە ‏و ‏‏راگەیاندن لە دەستەی ژینگە؛ د. ساڵح نەجیب، مامۆستا لە بەشی سامانە سروشتییەكانی ‏كۆلێژی ‏زانست لە زانكۆی سلێمانی، نەسرەت زەنگەنە، گاز فرۆش ‌و خاوەن موەلیدە لە ‏هەولێر و عوسمان محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی ‏سلێمانی گفتوگۆ لەبارەی کوالێتیی ئەو سووتەمەنییانە کرا کە موەلیدە و ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان بەکاریدەهێنن.
 
 
٪95ـی گازوایلی بازاڕ "ساختەیە"
 
سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین دەڵێت، ئەو گازوایلەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت زۆربەیان تێکەڵەی نەفتا و رۆنی بەکارهاتووی ئۆتۆمبێلن و رێژەی سەڵفەرەکەیان دەیان هەزار ئەوەندەی ئاستی ستانداردە.
 
د. سەنگەر ساڵح، سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین رایگەیاند، "بەپێی توێژینەوەیەکی زانستی کە بۆ گازوایلی موەلیدەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجاممان داوە، دەردەکەوێت 95٪ـی گازوایلی بازاڕ ساختەکاری تێدا دەکرێت، بەشێک لەو گازوایلانە تێکەڵەی رۆنی سووتاوی ئۆتۆمبێل و نەفتان".
 
د. سەنگەر ساڵح پێیوایە، "ئەو تێکەڵەیەی بەناوی گازوایل دەکرێتە موەلیدەکان، مەترسی لەسەر ژیانی بەکارهێنەر و ژینگە دروستدەکات، لەبەرئەوەی بە هیچ شێوەیەک نابێ رۆن بسووتێنرێت" و دەشڵێت: "ئەو گازوایلەی لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت بە هیچ جۆرێک ستاندارد نییە و تەنانەت ناتوانین پێی بڵێین گازوایل".
 
 
رێژەی سەڵفەر لە گازوایل
 
بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، کاتێک پشکنین بۆ گازوایلێک دەکرێت، نابێ سەڵفەرەکەی لە 9 پی پی ئێم زیاتر بێت، د. سەنگەر ساڵح، سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین توێژینەوەیەک دەخاتە روو کە بەپێی توێژینەوەکە ساڵی 2020 "مادەی سەڵفەر گازوایل لە هەرێمی کوردستان لە نێوان 25 هەزار بۆ 29 هەزار پی پی ئێم بووە".
 
بەگوێرەی توێژینەوەکەی سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین، رێژەی سەڵفەری لە گازوایلی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزتر بووەتەوە و "ساڵی 2022 گەشیبووە 34 هەزار پی پی ئێم".
 
هەرچەند بەپێی ستانداردی عێراقی، نابێ رێژەی سەڵفەری گازوایل لە هەشت هەزار پی پی ئێم زیاتربێت، بەڵام د. سەنگەر ساڵی بۆ بەرنامەی لەگەڵ رەنج دوو نموونە گازوایلی پشکنیوە کە یەکەمیان رێژەی سەڵفەرەکەی 29 هەزار بووە و نموونەی دووەم 14 هەزار پی پی ئێم بوو، واتا لەو ستانداردەی عێراقیش دیارییکردووە، بەرزتر بووە.
 
وەکو سەرۆكی بەشی كیمیا لە زانكۆی ‏سەلاحەدین ئاماژەی پێدەدات "ئەو موەلیدانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، جگە لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و ئەو خاوەن موەلیدە ئەهلییانەی کە خەمی موەلیدەکەی خۆیانە، ئەوی دیکەی ئەو گازوایلە خراپە بەکاردەهێنن". 

 

 
زۆربەی ئۆتۆمبێلەکانی کوردستان "ستاندارد نین"
 
مامۆستایەکی بەشی سامانە سروشتییەكانی زانکۆی سلێمانی دەڵێت، ناستانداردیی بزوێنەری ئۆتۆمبێل و نەبوونی بەردی ساڵانسا (بەردی گزۆز)، دوو گرفتی هەرە گەورەی هەرێمی کوردستانن بۆ پیسبوونی ژینگە.
 
د. ساڵح نەجیب، مامۆستا لە بەشی سامانە سروشتییەكانی ‏كۆلێژی ‏زانست لە زانكۆی سلێمانی توێژینەوەیەکی لەسەر 812 ئۆتۆمبێل کە بە بەنزین کاردەکەن و 175 ئۆتۆمبێلی دیکەش کە بە گازوایل کاردەکەن، ئەنجامداوە، لەو توێژینەوەیەدا تیشکی خستووەتە سەر پێنج بەش تێکەڵەی هایدرۆکاربۆنییەکان کە ئاستی ستاندەردی بۆ ئۆتۆمبێل 200 پی پی ئێمە، بەڵام توێژینەوەکەی دەریخستووە 50٪ـی ئۆتۆمبێلەکان لە سەرووی 200 پی پی ئێم هایدرۆکاربۆنیان بەرهەمهێناوە. 
 
د. ساڵح نەجیب گوتی، جۆری بزوێنەری ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان و نەبوونی بەردی ساڵانسا بۆ پاککردنەوەی دووکەڵی ئۆتۆمبێل، دوو کێشەی گەورەی پیسبوونی ژینگەن و دەشڵێت؛ "ئەو دووکەڵە زۆرەی لە گزۆزی هەندێک ئۆتۆمبێلەوە دەردەچێت، هۆکارە بۆ زیاتر لە 70 جۆر نەخۆشی کە یەک لەوانە شێرپەنجەیە".
 
ئەو مامۆستای زانکۆیە خراپی کوالێتیی سووتەمەنی بە هۆکارێکی دیکەی پیسبوونی ژینگە دەزانێت و پێیوایە، "لە هەرێمی کوردستان پاڵاوگەیەکی نموونەیی نییە بتوانێت هەموو پێکهاتەکان لە بەنزین و گازوایل جیابکاتەوە بۆ ئەوەی کەمترین مەترسی بۆسەر ژینگە و تەندروستیی گشتی هەبێت".
 
کوالێتیی هەوا لە هەولێر "نائاساییە"
 
د. ساڵح نەجیب، مامۆستا لە بەشی سامانە سروشتییەكانی ‏كۆلێژی ‏زانست لە زانكۆی سلێمانی لە رێگەی مانگی دەستکردی "ئێر کوالیتی ئێر"ـەوە بەدواداچوونی بۆ کوالێتیی هەوا لە هەولێر کردووە و دەڵێت؛ "لە ماوەی حەوت مانگدا زۆربەی رۆژەکان هەوای هەولێر گەیشتووەتە ئاستی زەرد و سوور". 
 
لە ساڵی 2020 تووشبوون بە شێرپەنجە لە سلێمانی شەش هەزار و 293 کەس بووە، لە ساڵی 2021 ئەو ژمارەیە هەڵکشاوە بۆ حەوت هەزار و 904 کەس، ساڵی 2022 ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە نۆ هەزار و 61 کەس بووە و لە ساڵی 2023 ئەو ژمارەیە گەیشتووەتە نۆ هەزار و 911 کەس، د. ساڵح نەجیب دەڵێت؛ "بەرزبوونەوەی ئەو رێژەیە پێماندەڵێت کە ئێمە رۆژانە بەرکەوتەی چەندان گازی ژەهراوی و مەترسیدارین".
 
ئەو مامۆستایەی بەشی سامانە سروشتییەكانی‏ زانكۆی سلێمانی پیسبوونی ژینگە بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە ناودەبات و رایدەگەیێنێت؛ "لە رێگەی مانگی دەستکردی ئێر کوالێتی ئێرەوە بەدواداچوونمان بۆ کوالێتیی هەوا کرد لە مانگی تەممووزەوە تاوەکو ئەمڕۆ و دەرکەوت خشتەکە لە هەولێر سەرجەمی گەیشتووەتە ئاستی زەرد و سوور و تەنیا یەک ستوونی سەوز بووە"؛ زەرد بە واتای کوالێتی مامناوەند و سووریش بە واتای کوالێتی نەگونجاوە.
 
 
پەستانی بەرگەهەوا بەپێی رێژەی ستاندەرد دەبێ 9 پی پی ئێم بێت و نابێت لە 35یش تێپەڕێت، بەڵام بەپێی توێژینەوەکەی د. ساڵح نەجیب؛ "لە هەولێر نزمترینی 50 بووە و بەرزترینیشی گەیشتووەتە 150" و دەشڵێت؛ "ئەگەر ئەو رێژەیە بگاتە 200 بە هیچ شێوەیەک گونجاو نییە، بە دڵنیاییەوە لە هاویندا رێژەی 200 پی پی ئێم تێدەپەڕێنێت".
 
دەستەی ژینگە "دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە"
 
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ‏ژینگە ‏و ‏‏راگەیاندن لە دەستەی ژینگە دەڵێت هەر کارگە یان پاڵاوگەیەک لە هەرێمی کوردستان ژینگەی تێکدا، ئەوان تەنیا دەتوانن بڕیاری داخستنی بدەن و دەسەڵاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەیان نییە لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا پۆلیسیان بۆ دابین نەکراوە.
 
رەزاق خەیلانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاركردنەوەی ‏ژینگە ‏و ‏‏راگەیاندن لە دەستەی ژینگە رایگەیاند؛ "دەبێ دەسەڵاتی زیاتر بە دەستەی ژینگە بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لێپێچینەوە لە سەرپێچییەکان بکات، هەر لە پێکهێنانی دەستەی ژینگەدا کێشەی گەورە دروستبووە، دەبوایە لەکاتی کەمکردنەوەی وەزارەتەکان لە 42 وەزارەتەوە بۆ 19 وەزارەت، وەزارەتی ژینگە وەکو خۆی مابایەوە".
 
رەزاق خەیلانی گوتی؛ "دەستەی ژینگە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی نییە و دەبێ ئەو بڕیارانەی دەردەچن پۆلیسمان هەبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکە جێبەجێیان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پۆلیسیان بۆ دابین نەکردووین، چەند جاریش بە راپۆرت داوامان کردووە پۆلیسی دارستان و پاراستنی ژینگە یەکبخرێتەوە و بخرێتە ژێر فەرمانی دەستەی ژینگە".
 
لە هەولێر دووکەڵی موەلیدە "بەهۆی خراپیی گازوایل نییە"
 
خاوەن موەلیدەیەکی شاری هەولێر پێیوایە زیاتر لە نیوەی گازی موەلیدە لە هەولێر ستانداردە و دەڵێت، ئەو موەلیدانەش کە دووکەڵی زۆر دەکەن، خەتای گازوایلەکەیان نییە، بەڵکو کێشە لە بزوێنەری موەلیدەکەیان هەیە.
 
نەسرەت زەنگەنە، گاز فرۆش ‌و خاوەن موەلیدە لە ‏هەولێر پێیوایە موەلیدە پشکێکی بچووکی هەیە لە پیسکردنی ژینگە و بۆ پشتڕاستکردنی داواکەی دەڵێت؛ "لە هەولێر نزیکەی دوو هەزار موەلیدە کاردەکەن، بەڵام زیاتر لە 200 هەزار بارهەڵگر هەن کە بە گازوایل کاردەکەن، بۆیە پشکێکی زۆر کەم لە پیسبوونی ژینگە بەر موەلیدەکان دەکەوێت".
 
 
ئەو گازفرۆشە باس لەوە دەکات کە؛ "ئەو دووکەڵەی لە بەشێک موەلیدەکانی گەڕەک هەڵدەستێت پەیوەندی بە گازوایلەکەیەوە نییە، لەبەر ئەوەی گازی هەولێر ستاندارەدە و کێشە لە مەکینەی موەلیدەکانە" و دەشڵێت؛ "ئەو گازوایلەی لە هەولێر بەکاردێت ستانداردە و بەرهەمی پاڵاوگەی کارە کە نزیکەی 65٪ـی موەلیدەکان ئەو گازوایلە بەکاردەهێنن".
 
٪95ـی موەلیدەکانی سلێمانی "بێدەنگن"
 
عوسمان محەممەد، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی ‏سلێمانی گوتی، "لە ساڵی 2007ـەوە کە موەلیدەی ئەهلی لە سلێمانی داندراوە، سەرجەمیان موەلیدی بێدەنگ بوون بۆ ئەوەی بە گازی خراپ کار نەکەن، ئێستا زۆربەی موەلیدەکانی سلێمانی مۆدێلیان بەرزە".
 
 
عوسمان محەممەد دەڵیت؛ "زیاتر لە 95٪ـی موەلیدەکانی سلێمانی بێدەنگن و 5٪ـەکەی دیکەش ئەنجکتەرن، ئەگەر موەلیدە بێدەنگەکان گازی خراپ بەکاربهێنن و دووکەڵ دەربدەن دەوەستن. جگە لەمەش لیژنەکانی قایمقامیەت کە 45 لیژنەن، رۆژانە سەردانی موەلیدەکان دەکەن".
 
لەبارەی کوالێتیی ئەو گازەی لە سلێمانی دەفرۆشرێت، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی ‏سلێمانی گوتی؛ "گازیان بۆ هێناوم کردوومەتە نێو موەلیدە بەستوویەتی و موەلیدەکە لەکارکەوتووە، دەبێ حکومەت ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ و گازی باش بۆ موەلیدەکان دابین بکات، لەبەر ئەوەی رۆژی وا هەیە 15 سەعات موەلیدەی گەڕەک کاردەکەن، دەبێ حکومەت سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی گازمان بۆ دابینبکات".
 

 

.