رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان رایگەیاند، 13 شار و 860 گوندی ئەو پارێزگایە کێشەی کەمئاوییان هەیە و بۆ چارەکردنی کێشەکەش بە هاوکاریی سوپای پاسداران کۆمەڵێک پرۆژە جێبەجێ دەکرێن.
رەزا داودی، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەرۆی کرماشان رایگەیاند، لە 13 شاری ئەو پارێزگایە، وەک کرماشان، جوانڕۆ، هەرسین، کەنگاوەر، کرن و گیەڵان، کێشەی کەمئاوی هەیە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەش، چەندین پرۆژە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەرۆی کرماشانەوە لە جێبەجێکردندان.
سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی لە گوندەکانی ئەو پارێزگایەش، رەزا داودی گوتی، "دوو گرێبەست لەگەڵ قەرارگەی ئیمام حەسەن موجتەبای سوپای پاسداران ئیمزاکراون. گرێبەستی یەکەم بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوی 349 گوند کە 314 ملیار تمەنی بۆ تەرخان کراوە، گرێبەستی دووەمیش بۆ چارەکردنی کێشەی ئاوی 511 گوندی دیکە کە 1920 ملیار تمەنی بۆ تەرخان کراوە."
گوتیشی، بەو پرۆژانەی کە لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەدا جێبەجێ دەکرێن، هەوڵ دەدەین لە ماوەی سێ ساڵدا کێشەی کەمئاویی 860 گوندی پارێزگاکە چارە بکەن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان، هەوڵ دەدەن بە جێبەجێکردنی پرۆژەکان تا سەرەتای مانگی نیسانی 2024، کێشە ئاوی شارە بچووکەکانی ئەو پارێزگایە وەک بانەوەر، سەرمەست و میرئاوا چارەسەر بکەن و بۆ ماوەی 24 کاژێر ئاوی خاوێن بۆ ئەو شوێنانە دابین بکەن.
سەبارەت بە شارە گەورەکانی وەک کرماشان، جوانڕۆ، هەرسین، کرن و کەنگاوەریش، رەزا داودی دەڵێت، "چەندین پرۆژەی هەڵکەندنی بیری ئاو و راکێشانی بۆڕیی ئاو لەم شارانەدا جێبەجێ دەکرێن و هیوادارین بەو پرۆژانە کێشەی کەمئاوییان چارەسەر ببێت."
کرماشان پارێزگایەکی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە رووبەرەکەی 24 هەزار و 640 کیلۆمەتری چوارگوشەیە و بە پێی دوایین سەرژمێریی فەرمیی ئیران کە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەسە. بە پێی نەخشەی دابەشبوونی ئیداری-سیاسی، لە پارێزگای کرماشان 35 شاری گەورە و بچووک و 2595 گوند هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ