ئەنەکەسە: ئەندامێکمان لە قامشلۆ رفێندراوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە رایگەیاند، ئەندامێکیان بە ناوی حەسەن ئیبراهیم، لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان رفێندراوە و هێزەکانی سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) بە رفاندنی تۆمەتبار دەکات.
 
ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سووریا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "حەسەن ئیبراهیم، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا و ئەندامی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە گەرەکی غەربی شاری قامشلۆ، رۆژی پێنجشەممە، 8ی شوباتی 2024 رفێندراوە."
 
ئەنەکەسە، هێزەکانی سەر بە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بە رفاندنی ئەو ئەندامەیان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "تائێستا چارەنووسی ئەو کەسە دیار نییە، بۆیە داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان دەکات، گوشار بکەن بۆ ئەوەی ئەو پێشێلکارییانە بوەستێندرێن کە دەبنە هۆی نیگەرانی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە."
 
دەشڵێت، ئەم کردەوەیە و ئەو جۆرە پێشێلکارییانەی دەکرێن، دژی سەرەتاییترین بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن و داوا دەکات، چارەنووسی ئەو کەسە ئاشکرا بکرێت.
 
بەپێی زانیارییەکان، حەسەن ئیبراهیم ناسراو بە ئەبو مەسعود، لەدایکبووی 1970 و باوکی هەشت منداڵە و لە گەڕەکی مەعهەدی ئەنستیتۆی شاری قامشلۆ دەژیت.
 
تا ئێستا ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لەبارەی رووداوەکە هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکی نەبووە.