رووداو دیجیتاڵ
لەماوەی دوو هەفتەدا 90٪ی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کراونەتەوە، لە دەڤەری راپەڕين 15٪ و گەرميانیش 70٪ی قوتابخانەکان کراونەتەوە، رێژەی کەم لە هەڵەبجەیە، بەجۆرێک 20٪ی قوتابخانەکان کراونەتەوە.
لە هەڵەبجە، رووداو چووەتە پۆلێک تازە مامۆستا ئەلف و بێی یەکەمین رۆژەکانی کردنەوەی قوتابخانە فێری قوتابییەکان دەکات، موحسین حەمەغەریب گەڕاوەتەوە بۆ دەوام.
مامۆستا موحسين حەمەغريب دەڵێت، "من وەک مامۆستايەک دەردەسەریم هەيە، بگرە زياتريش لە هەر مامۆستايەکی تر کە لە جادە و شەقامن، بەڵام ئەم منداڵانە، ئەم پەپوولانە ئەمانەتێکن لای ئێمە، نابێت لەبەر بەرژەوەندیی خۆم لەدەستيان بدەم و دەبێت بيانپارێزيم."
هاوکات، لە هەڵەبجە مامۆستای ناڕازی خۆپێشاندانیان کرد و گوتیان "بایکۆت بەردەوامە، داوای ئێمە رەوانن، کەی جێبەجێ کران لەسەر شەقام نامێنین دەچینەوە نێو پۆل و دەوام."
ئەلف و بێ ئەو وانەی کە دەبوو پێنج مانگ پێش ئێستا بە قوتابيیان بگوترايە، بەڵام ئەمڕۆ لەنێو بەشێکی لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە دەست بە خوێندنی کرا.
لەگەڵ سووربوونی مامۆستايان لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانيان لە بەشێک لە قوتابخانەکان بايکۆت شکێندراوە و دەست بە خوێندنی ئەم ساڵ دەکرێت.
گرفتی قەرەبووکردنەوەی خوێندنی ئەم ساڵ بەشێکی دەکەوێتە ئەستۆی قوتابی.
ئاڵێ پشتيوان، قوتابییە و دەڵێت، "زۆر خۆشە کە وانە دەخوێنین. ئەمڕۆ وانەم خوێند، کاتێک چوومەوە دەڵێم باوکە وانەم پێبڵێوە با زيرەک بم و دەرچم."
هاوکات، لەگەڵ شکاندنی بايکۆت لەنێو بەشێک لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە، سلێمانی و راپەڕين و گەرميان، ئەمڕۆ خۆپێشاندان بەڕێوەچوو.
فەرهاد قادر، مامۆستای وانەبێژە دەڵێت، "ئەو پرۆسەيەی بەڕێوەدەچێت تەنها بەڕێکردنی پرۆسەکەيە، ئەگەر هاتوو چوينەوە هۆڵەکانی خوێندنيش وانە ناخوێنين."
بێگەرد راغب مامۆستایە و دەڵێت، "ئێمە بۆ يەک مانگ بايکۆتمان نەکردووە مافمان زۆر خوراوە. ئەرکێکی زۆرمان کێشاوە بە درێژایی ئەم ساڵ و ساڵانی پێشووش، داوای هەموو مافەکانمان دەکەين بەردەوام دەبين لەسەر شەقام."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ