کڵچدارئۆغڵو لە مەلەتی بۆ رووداو: کێشەی گەورە لەم شارەدا هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێن


رووداو دیجیتاڵ

کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا لە شاری مەلەتیی باکووری کوردستان گوتی، کێشەی زۆر لە شارەکەدا هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێن.
 
دوای ئەوەی سەردانی پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستانی کرد، رۆژی شەممە، 11-2-2023، کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە وەڵامی پرسیارێکی رۆژ زاڵە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی: "کێشەی گەورە هەن و پێویستە چارەسەر بکرێن. لەگەڵ سەرۆکی گەورە شارەوانییەکان هاتووین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین. بەڕاستی تاڵە کە دەبینین هاووڵاتیان لە سەرمادا ماونەتەوە و چاوەڕێی چادر، شوێنی حەوانەوە، گەرمکەرەوە و زۆر شتی دیکەن. کێشەی زۆر هەن کە پێویستە چی زووە چارەسەر بکرێن".
 
سەبارەت بە هەوڵی پارتەکەیان لەم دۆخەدا کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکی گەورە شارەوانییەکانی پارتەکەی سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردووە و بە جیدی کار دەکەن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن؛ هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە لەم کاتەدا تورکیا پێویستی بە پێکەوەیی و هاوئاهەنگییە تا بتوانن هەموویان کێشەی هاووڵاتیانی زیانلێکەوتووی بوومەلەرزەکە چارەسەر بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 06-02-2023، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر لە باکووری کوردستان و تورکیا روویدا و زیانی گیانی و ماددیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
 
بەگوێرەی دوایین ئاماری سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد، کە بەرەبەیانیی رۆژی شەممە، 11ـی شوباتی 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 20 هەزار و 665 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارانی بوومەلەرزەکە گەیشتووەتە 80 هەزار و 88 کەس.
 
دەقی قسەکانی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە بۆ رووداو:
 
"ئێستا لەم قۆناخەدا بەڕاستی نازانم قسە بکەم. لەڕاستیدا کێشەی گەورە لە ناوچەکەدا هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێن. لەگەڵ سەرۆکی گەورە شارەوانییەکان هاتووین بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەین. بەڕاستی تاڵە کە دەبینین هاووڵاتیان لە سەرمادا ماونەتەوە و چاوەڕێی چادر، شوێنی حەوانەوە، گەرمکەرەوە و زۆر شتی دیکەن. کێشەی زۆر هەن کە پێویستە چی زووە چارەسەر بکرێن. ئێمەش بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی یەکدەست چارەسەری ئەم کێشانە بکەین، لەگەڵ سەرۆکی گەورە شارەوانییەکانمان لێرەین. دەمانەوێ تورکیا بە پێکەوەیی هەموو ئەم کێشانە چارەسەر بکات. سوپاستان دەکەم، هەر تەندروست بن".