لە هەولێر ئاگر لە سێ دووکان کەوتەوە و بەتەواوی سووتان

رووداو دیجیتاڵ

چەند کاسبکارێکی شەقامی 60 مەتریی هەولێر، بەرەبەیانیی شەممە، (11-2-2023) بە هەواڵی سووتانی دووکانەکانیان خەبەریان بووەوە، ئاگرێکی گەورە و بێ ئامان، دوو پێشانگەی کەلوپەلی نێوماڵی بەتەواوی کردە خەڵووز. 
 
کازم و کاوە، هاوبەشن و خاوەنی دووکانی ساردەمەنین. کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان بێ کێشە دووکانەکەیان داخستووە، بەڵام دوای دوو کاژێر، بەسەر وێرانەیەکدا هاتنەوە کە 50٪ـی دووکانەکەی سووتاندوون.
 
کازم حوسێن، زیانلێکەتوو باسی ئەو ساتە دەکات کە زانیویەتی دووکانەکەی سووتاوە، دەڵێ "کەسێک ماڵی لەو کۆڵانەیە، گووتی وەرە بگەیە، دووکانت ئاگری گرت. ئاگرەکە سەرەتا لەو تەنیشتە بوو ئەو گرتبووی، بەس نزیکی ئی ئێمە ببووەوە".
 
بەگوتەی ئەو زیانلێکەوتووە، لە رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا زیانێکی زۆری کردووە، چونکە ئامێرەکانی دووکانەکەی گران بوون. کازم گوتی "15 بۆ 20 دەفتەرم رۆیشت و زەرەر کرد، چونکە هەر ئامێر هەیە نرخی دەفتەرێک و 20 وەرەقەیە، شەوێ گوتیان کارەبا زۆر بڕاوە و هاتووەتەوە، 3 بۆ 4 جار کوژاوە و هاتەوە، دەنگێکی گەورەی لێوەهات و ئیدی ئاگرەکە بڵاوبۆوە و کەوتە سەر پلاستیکەکان".
 
محەمەدی خاوەن پێشانگەی مۆبیلیات لە ماڵەکەشی کرێچییە و تەنیا سەرچاوەی بژێویی، ئەو پێشانگەیە بوو کە سووتا و بچووکترین شتی لە ئاگرەکەدا بۆ دەرنەچوو. 
 
محەمەد فەوزی، زیانلێکەوتوو باسی زیانەکانی دەکات و دەڵێ "نزیکەی 3 دەفتەر بۆ 4 دەفتەرم رۆیشتووە". زیانلێکەوتوویەکی دیکە بەناوی تەییب نادر دەڵێ "ئی من هیج نەماوە، بە نزیکەیی بای 2 دەفتەر کەلوپەلی تێدابوو. خوا بۆ هەموومان قەرەبوو بکاتەوە. داوامان لە حکومەتە ئاگای لێمانبێت هەر ئەوەندە".
 
ئاگرەکە لە کاژێر 04:00ـی بەرەبەیان کەوتووەتەوە، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکە و تەشەنەکردنیشی، ساردەمەنییەک، چەند شوقەی باڵەخانەیەک، دوو پێشانگەی کەلوپەل و، بەشی دەرەوەی کۆمپانییەک و ئۆتۆمبێلی ژنێکی پزیشک کە خەڵکی موسڵ بووە و لە باڵەخانەکە نیشتەجێبووە، سووتاون.
 
رائید مامەند ساڵح، ئەفسەری بەرگریی شارستانی  سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە دەڵێ "لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی رووداوەکە دەکەین. تاوەکو ئێستا (هۆکارەکەی) بۆمان دیارنییە. هارد و شتەکانمان بردووە تاوەکو لێکۆڵینەوە بکەین بۆ زانینی هۆکاری ئاگرەکە  کە لە کام نهۆم و کام دووکان بووە".
 
زیانی ماددەیی ئاگرەکە بە گوتەی خاوەنی هەموو ئەو شوێنانەی سووتاون، نزیکەی 300 هەزار دۆلار بووە. بەم رووداوەی ئاگرکەوتنەوەش تەنیا لە 11 رۆژی مانگی شووباتی 2023 لە هەولێر، 19 رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە.