یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان داوا لە ناسر رەزازی دەکات داوای لێبووردن بکات

11-02-2022
نووری ماونی
نووری ماونی @nure_mawni
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان داوا لە ناسر رەزازی دەکات داوای لێبووردن لە موسڵمانان بکات و دەڵێت، ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، "بەڵام ئازاد نییە لەوەی سوکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات".
 
تۆمارێکی دەنگیی ناسر رەزازی لە چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا کە تێیدا ناوبراو دەڵێت، لەسەر ئایینی یارسانە، هاوکات مەککە و مەدینەی سعودیە کە دوو شوێنی پیرۆزن لەلای موسڵمانان بە "پیس و چڵکن" ناودەبات و ئاماژە بەوەش دەکات، "رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام لەناو کورد" دەکات.
 
هونەرمەند ناسر رەزازی دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە دەنگییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قسانەی بڵاوبوونەتەوە لە پەیوەندییەکی تایبەت بووە لەگەڵ کەسێک و بۆ بڵاوکردنەوە نەبووە، دەشڵێت، "نامەردانە بڵاوکراوەتەوە"، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە قسەکانی بۆ پشتگیری لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بوون، کە ستەمی زۆریان لێدەکرێت.
 
قسەکانی ئەو هونەرمەندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە هونەرمەند و کەسایەتییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ناسر رەزازی دەربڕی، لە بەرامبەردا بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتی و رۆشنبیرانی دیکەش ناڕەزاییان دژی بەشێک لە قسەکانی هونەرمەندەکە دەربڕیوە.
 
یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت، لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا ئەو هونەرمەندە "هەستی موسڵمانانی بریندار کرد، ئێمە لە یەکێتیی زانایانەوە سەرکۆنەی ئەو سووکایەتییانە دەکەین و پێمانوایە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و پێویستی بە داوای لێبووردن لە موسڵمانان هەیە، خەڵک بۆ خۆی ئازادە چۆن بیردەکاتەوە، بەڵام ئازاد نییە لەوەی سووکایەتی بە ئایینی ئیسلام بکات و، ناکرێت رێگە بەوە بدرێت ئەو پێکەوەژیانەی هەیە لەباربچێت و ئاشتیی کۆمەڵگە بشێوێندرێت".
 
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕوانیی ئەوەیان لە سەندیکای هونەرمەندان هەبووە لە بەیاننامەکەیاندا "سەرکۆنەی ئەو جۆرە رەفتارانەی کردبووایە، کە بووەتە هۆکاری برینداربوونی هەستی موسڵمانان، لە هەمان کاتدا ئەرکی داواکاری گشتییە رۆڵی خۆی ببینێت و لەو حاڵەتانە بێتە دەنگ و بە ئەرکی پێویست هەڵبستێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە