بەهۆی وەستاندنی هێرشێک، گەنجێکی کورد لە بەریتانیا وەک پاڵەوان ناوی دەبرێت


رووداو - هەولێر 

 

ئەسیر خۆشناو پەنابەرێکی باشووری کوردستانە و شەش ساڵە لە نیوکاسڵی بەریتانیا نیشتەجێیە، بە "پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکی کوشتن" لەو وڵاتە ناوی خۆی لەنێو بەریتانییەکاندا درەوشاندەوە و وەکو پاڵەوان ناوی دەبەن.
 
رووداوەکە بەگوتەی ئەسیر خۆشناو کە بۆ رووداو قسەی کردووە بەمشێوەیە روویداوە، ئەسیر لەگەڵ هاوڕێیەکی دەچێتە دووکانی مۆبایلفرۆشییەکەی شێخ بورهان محەممەد، لەوێ کەسێک بەناوی عەبدول ئیبراهیم هەڕەشەی کوشتن دەکات و نارنجۆکێک دەردەهێنێت کە بیتەقێنێت، ئەسیر دەڵێت "سەرەتا نەمزانی چییە، ئیدی کاتێ قومبەلەکەی دەرهێنا دیتم قومبەلەی چل پارچەیە و راستییە. دەستی برد بۆ ئەڵقەکەی بیتەقێنێ، ئیدی خۆشبەختانە هەرچۆنێک بێ دوو کەس بوون هەردووکیان رایان کرد، دەرەقەتم نەهاتن قومبەلەکەم لەدەستی سەند، ویستی پەلامارم بدا، نەیتوانی، دەستگیرم کرد و لە زەوی درێژم کرد تاوەکو پۆلیس هاتن".
 
ئەسیر خۆشناو باوکی پێنج منداڵە، ماوەی 15 ساڵ لە هەرێمی کوردستان کارمەندی ئاسایش بووە، پۆلیسی بەریتانی سەرباری رێزلێنان و ستایشکردنێکی زۆر، بەڵێنیان پێداوە بیپارێزن و خاوەنی ئەو دووکانەش کە کراوەتە ئامانج، دەڵێ ئەوان بەهۆی لێهاتووی ئەسیرەوە زیندوو ماون. دادگاش بڕیاریداوە بڕی 300 پاوەند پاداشتی بکات.
 
شێخ بورهان محەممەد، خاوەنی دووکانە بە ئامانج کراوەکە بە رووداوی گوت، بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەسیر لێرە نەبووایە کارەسات دەخوڵقا، چونکە ئەو دوو کەسە کە هاتنە ژوورەوە دانەیەکیان نارنجۆکی پێبوو و دەستی دایە ئەڵقەکەی بۆئەوەی بیتەقێنێت.
 
 
ئەو گیانبازییەی ئەو کۆچبەرە کوردە کردی، کاریگەریی لەسەر رای راستڕەوە بەریتانییەکان دادەنێ لەبارەی کۆچبەران بەگشتی و موسڵمانان بەتایبەتی، چونکە ساڵانێکە داوای دەرکردنی کۆچبەرانی موسڵمان دەکەن لەو وڵاتە.
 
فەرهاد فەرەج، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی نالی بۆ پرسی پەنابەران دەڵێت، رێژەی تاوان و رق و کینە لەم دەڤەرەدا ئەندازەی زۆری هەبوو، "کاک ئەسیر ئەوەی پێچەوانە کردەوە کە خەڵکە راستڕەوەکان بەتایبەتی ئەوەیان بۆ روونبوو کە بەڵێ ئێمە کوردین موسڵمانین". 
 
رووداو قسەی لەگەڵ چەند کەسێک کردووە، لەبارەی هەمان کەیس ئەوان دەڵێن، ئەسیر کەسێکی پاڵەوانە و ئەوان گرنگی بەوە نادەن کەسەکان سەر بە چ رەچەڵەک، ئایین یان نەتەوەیەکن، گرنگ ئەوەیە کاری باش بکەن. 
 
ئیبراهیم لە دادگا دانی بەوەدا ناوە هەڕەشەی کوشتنی کردووە، بەهۆی ئەو کارەی کردوویەتی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە و دواتریش دەرکەوتووە کە نارنجۆکەکە لە بنەڕەتەوە پووچەڵ بووە.