پۆلیسی مەدینە مەلا عەلی کەڵەکی دەستگیرکردووە؟

 
 
رووداو - هەولێر

پۆلیسی شاری مەدینەی منەوەرەی سعودیە رایگەیاند، لە مزگەوتی "نەبەوی" کەسێکی عێراقییان دەستگیرکردووە کە پەنجا ساڵ دەبێت و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کوێر و نەخۆش چاکدەکاتەوە. گومان دەکرێت مەلا عەلیی کەڵەک بێت.
 
گوتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی مەدینە رایگەیاند، دوای ئەوەی لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە گرتەی ڤیدیۆیی کەسێک بڵاوبووەوە کە لە مزگەوتی پێغەمبەر سەردانیکەران بە ناوی چارەسەرکردنەوە فریودەدات، دەزگا ئەمنییەکان بەدوایدا گەڕان و گرتیان.

 

لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، مەلا عەلی لە نزیک مزگەوتی پێغەمبەر لە مەدینە دەردەکەوێت و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بینایی بۆ کەسێکی بەتەمەنی نابینا دەگێڕێتەوە.

 

گوتەبێژی راگەیاندنی پۆلیسی مەدینە جەخت لەوە دەکاتەوە، هەموو رێوشوێنێکیان دژی گرتووەتەبەر.
 
پێشتر مەلا عەلیی کەڵەک لە هەژماری تایبەتی خۆی رایگەیاندبوو کە چووەتە گەشتی عومرە و لەوێ نەخۆش چاک دەکاتەوە و چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردبووەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکانیدا "چارەسەر" بۆ عومرەکاران دەکات.
 
گومان دەکرێت ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، مەلا عەلیی کەڵەک بێت، بەڵام هێشتا هەواڵەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە.