گەنجێک هەوڵدەدات شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ زیادبکات

11-02-2019
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
تائێستا نزیکەی 49 هەزار رستەی ئینگلیزی بۆ کوردی وەرگێڕاوە
تائێستا نزیکەی 49 هەزار رستەی ئینگلیزی بۆ کوردی وەرگێڕاوە
نیشانەکردن گوگڵ سۆرانی
A+ A-

 رووداو - هەڵەبجە
 
گەنجێکی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە رێنووسی ئارامیی زمانی کوردی بۆ لیستی زمانەکانی گوگڵ زیاددەکات. بۆکان حەسەن دوای تەواوکردنی کۆلێژی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی سلێمانی، ماوەی چوار ساڵە زۆربەی کاتەکانی بۆ زیادکردنی رێنووسی کوردیی سۆرانی لە گوگڵ تەرخان کردووە.

ئەو گەنجە تائێستا نزیکەی 49 هەزار رستەی ئینگلیزی بۆ کوردی وەرگێڕاوە، بەردەوامیش دەبێت تاوەکو ئەوکاتەی شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ زیاددەکات.

بۆکان حەسەن دەڵێ "ئامانجی ئێمە تەنها ئەوەیە؛ زمانی کوردیش بچێتە ئەو شوێنە و کوردیش وەکو هەر نەتەوەیەکی دیکە سوود لەم پرۆژەیە وەربگرێت. لەم گرووپە هەریەکە لەلای خۆیەوە ئیش لەسەر وەرگێڕان دەکات و ژمارەیەکمان کار لەسەر پاککردنەوەی رستەکان دەکەین".

بۆکان کاتێک هەستیکرد هاوزمانەکانی کێشەی گەڕان و وەرگرتنی زانیارییان هەیە لە گوگڵ، بڕیاریدا ببێتە پردی گەیاندنی شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ، تاوەکو بەکارهێنەرانی کورد بە ئاسانی دەستیان بە زانیارییەکان بگات
 
بۆکان حەسەن لەبارەی کارەکانییەوە دەڵێ "تائێستا وەرگێڕانم بۆ نزیکە 49 هەزار وشە کردووە... لەسەر پڕۆژەکەمان بەردەوام دەبین، تاوەکو گوگڵ دان بە پڕۆژەکەماندا دەنێت".

شارەزایەکی بواری ئایتی دەڵێ، ئەم هەوڵەی بۆکان چەند پێویستی بە کاری گرووپ هەیە، هێندەش پێویستی بە پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی گوگڵ زووتر زمانەکە بە فەرمی وەکو زمانی ژمارە 104 لە سیستەمەکەدا بناسێنێ.

کاروان مەهدی، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئایتی و لەبارەی پرۆژەکەی بۆکان دەڵێ "(ئەمە) کارێکە جێگەی دەستخۆشییە و دەبێ رێزی لێبگیرێت، پاشان کاری گرووپی دەوێت. دەبێ کەسانی شارەزا لە بواری زمان و ئایتی سەپۆرتی ئەم پڕۆژەیە بکەن. لایەنێکی سەرەکی کە لایەنی حکومەتە دەبێ پاڵپشتی ئەم پڕۆژەیە بکات، تاوەکو بتوانێ زمانەکە بە فەرمی بە گوگڵ بناسێنێ".

بۆکان ساڵی 2015 لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرووپێک بەناوی وەرگێڕی گووگڵ پێکهێناوە و تائێستا هەرکەسێکیان لەلای خۆیەوە بەردەوامە لە زیادکردنی وشە و رستەی کوردیی سۆرانی بۆ گوگڵ.

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە