جەنگیز چاندار: کورد کارەکتەرێکی چالاک و دیاری ناوچەکەیە

رووداو- سلێمانی

دوای ناساندنی نوێترین کتێبی لەبارەی کوردەوە، جەنگیز چاندار نووسەری بەنێوبانگی تورک بە رووداوی راگەیاند:" کورد 100 ساڵە بوونەتە ئەکتەرێکی دیار و چالاکی ناوچەکە"، دەشڵێت:" کورد کارەکتەری سەرەکی ناوچەکە دەبێت لە داهاتوودا".


کتێبەکەی چاندار کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی نێوی" شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا"-یە و  باس لە پەیوەندی نێوان کورد و تورکیا و کورد لە رابردوودا دەکات.

جەنگیز چاندار، نوسەری بە رەگەز تورك، كتێبی "شەمەندەفێری میزۆپۆتامیا"-ی لە شاری سلێمانی بە خوێنەرانی ناساند، سەر گوزەشتی كتێبەكە گەشتێكی مێژوویی نوسەرێکە كە باس لە " توركیا و كوردەكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆژئاوا" دەكات.

ستران عەبدۆلڵا نووسەر و رۆژنامەڤانی دانیشتووی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کتێبە زۆر گرینگە و رەنگە یەکێک بێت لە روانگە هەرەباشەکانی تورک لەسەر پرسی کورد نەک تەنیا لە باشووری کوردستان بەڵکوو لە باکووری کوردستانیش و کورد بە گشتی لە ناوچەکە، هەروەها لەسەر رۆڵی سەرکردەکانی کورد بەتایبەت رۆڵی مام جەلال".

شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا، بە زمانی عەرەبی و توركی لە ساڵی 2014 چاپكراوە و چاپی دووەمیشی لە ساڵی 2015 دا بڵاوكرایەوە، ساڵی 2016 وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی.

جەنگیز چاندار نووسەری كتێبەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "كوردەكان لە دوای سایكس بیكۆوە وەك ئەكتەرێكی زیندو و چالاك دەركەوتوون، راستە ئەم ڕۆژانەی تێیداین وەك شەخسێك لە خەم و نیگەرانیدام بەهۆی ئەو رووداوانەی كە لە باكووری كوردستان روودەدات، بەڵام ناتوانم لە بارەی ئەو وزەیەی كە كورد هەیەتی بۆ ئایندە بێ‌ ئومێدبم، لە داهاتوودا ئەوەش دەنوسرێتەوە"

جەنگیز چاندار، لە ساڵی 1948 لە ئەنکەرەی پایتەختی وڵاتی توركیا، لەدایكبووە و بە یەكێك لە دۆستەنزیكەكانی كورد دەناسرێت، خاوەنی زیاتر لە 25 كتێبە، وەك نووسەر و رۆژنامەنووس كار دەكات وەك خۆی دەڵێ‌" بەو پێیەی لە ئەو رووداوانەی بەسەر كوردا دێت بە چاوەكانی خۆی دەیبینێت بۆیە لە بەرهەم و نووسینەكانیدا زۆرتر لە بارەی كورد و بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەی كوردەوە دەنووسێت".