رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە جۆزێف عەون دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری لوبنان و جەخت لە ویستی خۆی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و لوبنان دەکاتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی لە جۆزێف عەون کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری لوبنان.
نێچیرڤان بارزانی هیوای سەرکەوتن بۆ جۆزێف عەون دەخوازێت لە سەرکردایەتیکردنی لوبنان بەرەو سەقامگیری و گەشەکردن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان خواست و ویستی دووپات دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و لوبنان بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشیان بکات.
دوای دوو ساڵ لە چۆڵبوونی پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانی لوبنان رۆژی پێنجشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2025، جۆزێف عەونی بە سەرۆکی نوێی لوبنان هەڵبژارد.
جۆزێف عەون، فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان بوو، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا هیچ کام لە بەربژێرەکانی پۆستی سەرۆککۆمار دەنگی پێویستیان نەهێنا، کێبڕکێیەکە چووە گەڕی دووەم و لە گەڕی دووەمدا جۆزێف عەون لە کۆی 128 دەنگ، 99 دەنگی بەدەستهێنا و بووە سەرۆککۆماری نوێی وڵاتەکە.
جۆزێف عەون، دوای سوێندخواردنی دەستووری، لەبارەی پەیوەندی و گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل رایگەیاند، پابەند دەبن بە ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل و "کار بۆ نەهێشتنی داگیرکاریی ئیسرائیل دەکەین".
جۆزێف عەون ساڵی 1964 لە لوبنان دایکبووە، لە ساڵی 2017ـەوە فەرماندەی گشتیی سوپای لوبنان بوو.
جۆزێف عەون لە زانکۆی ئەمریکی- لوبنانی خوێندوویەتی و زمانەکانی عەرەبی، فەرەنسی و ئینگلیزی دەزانێت. خێزاندارە و باوکی کوڕێک و کچێکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ