تێچووی حەجی ئەم ساڵ دیاریکرا؛ 650 هەزار دینار بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
تێچووی حەجی ئەم ساڵ دیاریکرا. گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو 650 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تێچووی حەجی ساڵی 2025 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دیاریکرا کە بۆ هەر کەسێک حەوت ملیۆن دینار دەبێت".
ساڵی رابردوو تێچووی حەج 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار بوو.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: "دیاریکردنی پارەکە لە بەغداوە بووە، هۆکارەکەش بەرزبوونەوەی نرخی هۆتێل و هەموو پێداویستییەکانی دیکەی مانەوەیە لە سعودیە".
پشکی حەجی 2025 بەراورد بە پار زیادکراوە. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچووبوو. لە 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و لە تیروپشکەکەدا 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.