لە هەرێمی کوردستان نرخی ئاژەڵ دابەزیوە و کا بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەبارینی بڕی بارانی پێویست لە بەشێکی هەرێمی کوردستان، نرخی ئاژەڵ دابەزیوە و کا بەرز بووەتەوە. کاسبکارێک دەڵێت، یەک هەفتە باران ببارێت نرخی ئاژەڵ بەرز دەبێتەوە.
غوفران محەممەد، فرۆشیاری ئاژەڵ و کا ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی کەم بارانییەوە نرخی ئاژەڵ کەمێک دابەزیوە. ئەگەر کەمبارانی بەردەوام بێت، نرخەکە زیاتر دادەبەزێت".
ئەمڕۆ نرخی کیلۆیەک مەڕ و بزن بە زیندە قەپان (زیندوویی) لەنێوان 6 هەزار و 500 بۆ 7 هەزار دیناردایە؛ کیلۆیەک کاوڕ حەوت هەزار و 750 دینارە. غوفران محەممەد دەڵێت: "بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر، جۆرەکانی ئاژەڵ بۆ هەر یەکەیان کیلۆی نزیکەی 250 دینار دابەزیوە".
نرخی کا بەرز بووەتەوە
ئەو کاسبکارە دەڵێت: "نرخی کا بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە. کاتی دروێنە دوو فەردە کای سەر بە قەپاخ، نزیکەی دوو هەزار و 500 دینار بوو. ئێستا گەیشتووە بە 6 هەزار و 500 دینار".
بە گوتەی فرۆشیارانی ئاژەڵ، نرخی کا و ئاژەڵ لەکاتی نەبوونی باراندا پێچەوانەی یەکن. کاتێک بارانی کەم ببارێت، نرخی ئاژەڵ دادەبەزێت و کا بەرز دەبێتەوە. غوفران محەممەد گوتی: "بە بارینی یەک باران، نرخی کا و ئاژەڵیش گۆڕانی بەسەردا دێت".
بەرزبوونەوەی نرخی کا لەکاتێکدایە، بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان، بەهۆی زۆری بارانی وەرزی بارینی رابردووەوە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گەنم بەرهەم هەبوو.
غوفران محەممەد دەڵێت: "بەراورد بە ساڵانی رابردوو، زۆرترین قەسەڵ کراوەتە کا".
قەسەڵ، دوای دروێنەی گەنم و جۆ کۆدەکرێتەوە و لە ئامێرێکی تایبەت بە ناوی "کا کوتان" دەکرێت و دەکرێتە کا.