مەسرور بارزانی: رەفتاری بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان ستەمکارانەیە و قبووڵکراو نییە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی وەزیرە کوردەکان لە حکومەتی عێراق و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەڕێوەدەچێت.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای یەکدەنگی لە لایەنە کوردستانییەکان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەو مامەڵەیەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات "ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە".
 
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوزەیران ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت و بەشێکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەشدارن و بەشێکیشیان نەچوونەتە کۆبوونەوەکە.
 
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەم بابەتە حیزبی نییە و پەیوەندی بە بەرژەوەندی خەڵکەوە هەیە، بەڵام بەداخەوە هەمووان ئامادە نەبوون تێیدا بەشداربن. بەشدارینەکردن خزمەتی هیچ کەس و حیزبێک ناکات".
 
مەسرور بارزانی گوتی: "هیوادارم لە کۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەک بچینە نێو بابەتەکانەوە کە بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستانمان لەبەرچاوبێت".
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزیر و سەرۆک فراکسیۆنەکانی گوت: "هەریەکەتان سەر بە لایەنێکی سیاسییە و بێگومان بەرژەوەندی خۆتان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەرکی گەورەتان نیشتمانپەروەرییە، چونکە لە هەر حیزبێک بن نوێنەری خەڵکی کوردستانن".
 
مەسرور بارزانی یەکدەنگی حیزبە کوردستانییەکانی بە گرنگ ناوبرد و گوتی: "ناکرێ هەموو کێشەی خۆمان لە بابەتی مووچەدا چڕ بکەینەوە. بەداخەوە، بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە لە قەوارەیەکی زۆر بچووکدا و سەرقاڵمان بکات کە ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا. ئەی نزیکەی 100 ساڵە خەڵکی کوردستان قوربانی دەدات چی بوو؟ تەنیا لە پێناو مووچەدا بوو یان لەپێناو خاک و نیشتمان و ئازادی و یەکسانی بووە؟"
 
سەرۆکوەزیران گوتیشی: "ئەگەر ئێمە یەکهەڵوێست بین و بەغدا هەست بکات کوردستان جیدییە لە پێداگیری لەسەر سیاسەتی دارایی و مافی خەڵک، باوەڕ ناکەم نە ئەو هێزە و نە ئەو نیەتەشی هەبێت داواکانی خەڵکی کوردستان نادیدە بگرێت. ئێمە خۆمان ئامادە نەبین و بەغدا ببینێت ئێمە یەکڕیز و یەکهەڵوێست نین، دەتوانێت یاری بە چارەنووسی خەڵکمان بکات. ئەو کاتە گلەییەکە بەشێکی بۆ خۆمان دەگەڕێتەوە. نییەتی ئەوان هەرچی بێت، نابێت بکەوینە ژێر سیاسیەتێکی چەوت. با سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت چۆن وابکەین رێز بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و وەک قەوارەیەکی دەستووریش رێز لە هەرێمی کوردستان بگیرێت".
 
مەسرور بارزانی رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان گرت و گوتی: "ئەو مامەڵەیەی بەغدا ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات مامەڵەی کیانێکی فیدراڵی نییە و لەگەڵ پارێزگایەکیش بەو شێوەیە هەڵسوکەوت ناکەن. رەفتارێکی ستەمکارانە و نادادپەروانەیە و قبووڵکراویش نییە. دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە