رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕێوەچوو. ئایدن مەعرووف دەڵێت، کۆبوونەوەکە "زۆر زۆر گرنگ و مێژوویی بوو". دەشڵێت، "حکومەتی عێراق پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان دەقۆزێتەوە و مووچە وەکو گوشارێکی سیاسی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت."
ئەمڕۆ شەممە، کاژێر 10:00ـی بەیانی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو.
رۆژی شەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2025، ئایدن مەعرووف، وهزیری ههرێم بۆ كاروباری پێكهاتهكان بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ گرنگی زۆری هەبوو و کۆبوونەوەیەکی مێژوویی بوو لە کاتێکی زۆر گونجاودا، کە تایبەت بوو بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان."
وهزیری ههرێم بۆ كاروباری پێكهاتهكان دەڵێت، "هەموومان دەزانین حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی زۆر نادادپەروەرانە و خراپ پەیڕەو دەکات، بۆیە ئێستا یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی لایەنەکان زۆر گرنگە."
لەبارەی کۆبوونەوەکە ئایدن مەعرووف گوتی، "کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دران، گرنگترینیان ئەوەبوو بۆ ساڵی 2025 مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەرەنتی بکرێت لەلایەن عێراقەوە."
ئایدن مەعرووف دەڵێت، "مووچە بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵام تێکەڵی سیاسەت دەکرێت و وەکو گوشارێکی سیاسی بەکاردەهێندرێت، عێراق سوود لە پەرتەوازەیی لایەنەکان وەردەگرێت وەکو دەرفەتێک دەیقۆزێتەوە، بۆیە ئێستا پێویستە ئێمە یەک هەڵوێست بین، ئەگەر نا کاریگەری خراپی لەسەر رەوشی مووچە دەبێت."
بە گوتەی وهزیری ههرێمی کوردستان بۆ كاروباری پێكهاتهكان، "سەرەڕای رێککەوتنی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان و هەبوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە رابردوودا، کێشەی زۆر بۆ مووچە دروستکراوە، بەڵام ئەمە مافێکی دەستوورییە دەبێت عێراق جیبەجێی بکات، هیچ پاساوێکی نەماوە هەر شتێک کە داوای کردووە بە ئۆتۆماتیکی جێبەجێکراوە، ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر نەبێت ئەوکات هەرێمی کوردستان کاردانەوەیەکی دیکەی دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ