مەسرور بارزانی: ناکرێت هەموو کێشەی خۆمان تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە."
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان مووچەخۆر و فەرمانبەری ئیداری و پێشمەرگەمان هەیە، بۆیە نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان رێگر بێت لەوەی هەمووتان نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن."
لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقی گوت، "ئێوە سێ ئەرکی گرنگتان لەسەر شانە، چ وەک وەزیر و چ وەکو پەرلەمانتار، یەکێکیان کاری پیشەیی خۆتانە کە لە ئاستی وەزارەت و پەرلەمان دەبێت جێبەجێی بکەن. دووەم، هەر یەکێکتان سەر بە لایەنێکی سیاسییە، بێگومان بەرژەوەندیی لایەنی سیاسیی خۆیشتان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەرکی هەرە گەورەتان ئەرکی نیشتمانپەروەرییە، سەر بە هەر حیزبێک بن و لە هەر پۆستێک بن، ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن."
مەسرور بارزانی گوتیشی، "یەکەم ئەرکی ئێوە[ی پەرلەمانتار و وەزیر لە عێراق]، بە رای ئێمە و بە رای هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەرگری لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان، ئەگینا ئێمە چەندین خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکیی لەسەر بکەین، مادەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە، بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە، بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیرچوو."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە. سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا، ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟"