مەسرور بارزانی: ناکرێت هەموو کێشەی خۆمان تەنیا لە بابەتی مووچەدا کورت بکەینەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ. وێنە: جێگر عومەر- رووداو
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ. وێنە: جێگر عومەر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکانی حکومەتی عێراق گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان مووچەخۆر و فەرمانبەری ئیداری و پێشمەرگەمان هەیە، بۆیە نابێت ئینتیمای سیاسی حیزبە سیاسییەکان رێگر بێت لەوەی هەمووتان نوێنەرایەتی هەموو کوردستان بکەن."
 
لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقی گوت، "ئێوە سێ ئەرکی گرنگتان لەسەر شانە، چ وەک وەزیر و چ وەکو پەرلەمانتار، یەکێکیان کاری پیشەیی خۆتانە کە لە ئاستی وەزارەت و پەرلەمان دەبێت جێبەجێی بکەن. دووەم، هەر یەکێکتان سەر بە لایەنێکی سیاسییە، بێگومان بەرژەوەندیی لایەنی سیاسیی خۆیشتان لەبەرچاو دەگرن، بەڵام ئەرکی هەرە گەورەتان ئەرکی نیشتمانپەروەرییە، سەر بە هەر حیزبێک بن و لە هەر پۆستێک بن، ئێوە نوێنەری خەڵکی کوردستانن."
 
مەسرور بارزانی گوتیشی، "یەکەم ئەرکی ئێوە[ی پەرلەمانتار و وەزیر لە عێراق]، بە رای ئێمە و بە رای هەموو خەڵکی کوردستان، ئەوەیە کە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن، بەرگری لە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن، کە بەداخەوە ئەم بابەتە بووەتە بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان، ئەگینا ئێمە چەندین خاڵی دیکە هەیە کە دەبێت داکۆکیی لەسەر بکەین، مادەی 140 هێشتا جێبەجێ نەکراوە، بابەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکراوە، بابەتی پێشمەرگە هێشتا وەکو پێویست چارەسەر نەکراوە، بابەتی قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال و قوربانیانی رژێمی پێشوو، هەمووی لەبیرچوو."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "ناکرێت ئێمە هەموو کێشەی خۆمان کورت بکەینەوە تەنیا لە بابەتی مووچەدا. بەداخەوە بەغدا بە سیاسەتێکی سەرکەوتووانە توانیویەتی کێشەکانی ئێمە بچووک بکاتەوە. سەرقاڵمان بکات بەوەی ئایا مانگانە مووچەی خەڵکی کوردستان دەدرێت یان نا، ئەی ئەو هەموو شتانەی دیکە چی؟ 100 ساڵە کوردستان قوربانی دەدات، لەپێناو مووچە بووە یان لەپێناو پێناسە، خاک، نیشتمان، یەکسانی و ئازادی بووە؟"
 
 
هەروەها جەختی لەوە کردەوە، "ئەو رەفتارانەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات ستەمکارانە و نادادپەروەرانەیە و قبووڵکراو نییە؛ دەبێت ئەم پەیوەندییە راست بکەینەوە." هەر لەوبارەیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، "ئەو مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، مامەڵەیەکی فیدراڵیزم نییە، مامەڵەی فیدراڵیەت و گیانی فیدراڵی نییە، لەگەڵ پارێزگایەکیش بەو شێوەیە مامەڵە ناکات."
 
لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵییشەوە لەسەر مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، حکومەتی فیدراڵ "پابەند نابن بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان بێت."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، "دەمانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان لە 2025 لە دڵەڕاوکێ رزگاری بێت."
 
مەسرور بارزانی داوای یەکهەڵوێستیی لە لایەنەکان کرد و گوتی، "ئەگەر ئێمە یەکهەڵوێست بین و بەغدا هەست بەوە بکات کە کوردستان جیددییە لەوەی پێداگیری لەسەر مافە دەستوورییەکانی خۆی و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان و مافی تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان دەکات، من باوەڕ ناکەم بەغدا نە ئەو هێزەی هەبێت و نە ئەو نیەتەی هەبێت، بتوانێت پەراوێزی خەڵکی کوردستان بکات و داواکارییەکانمان نادیدە بگرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری نوێی لوبنان.

نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە جۆزێف عەون دەکات

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە جۆزێف عەون دەکات بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆککۆماری لوبنان و جەخت لە ویستی خۆی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و لوبنان دەکاتەوە.