سەگێک لە کەرکووک پەلاماری منداڵێکی دا؛ منداڵەکە 'جەستە و رووخساری شێواوە' و گیانی لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
لە یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی کەرکووک سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی 10 ساڵانی دا و بەهۆیەوە منداڵەکە گیانی لەدەستدا.
رۆژی شەممە، 11-1-2025، سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "منداڵەکە کاتێک گەیشتووەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و رەوانەی دادپزیشکی کراوە."
عوسمان محەممەد، شایەتحاڵی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جەستە و دەموچاوی منداڵەکە شێواوە و بە ئاسانی ناناسرێتەوە."
بە گوتەی سامان یابە، گوتەبێژی تەندروستیی کەرکووک، "منداڵەکە ناوی (ئەلەند ئەیمەن رەمزی)یە و پۆلی سێیەمی سەرەتاییە، لە دوای دەرچوونی لە تاقیکردنەوە تووشی ئەو رووداوە بووە."
پێشتر رووداوی هاوشێوە لە کەرکووک روویانداوە. شەوی 12-11-2024، لە گەڕەکی مەرجان سیتی لە شاری کەرکووک، سەگ پەلاماری منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵی دا بەناوی سیراج وەحید غازی و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
لە شارەکە پەناگەیەک لەسەر رووبەری پێنج دۆنم بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە. فەلاح یایچی، قایمقامی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 500 سەگیان لەو شوێنە کۆکردووەتەوە و هێشتا نزیکەی دوو هەزار سەگی بێلانە لە شارەکە ماون لە پەناگە کۆیان بکەنەوە.