بەشی زۆری فەرمانگەکانی سنە، کرماشان و ورمێ بەهۆی سەرماوە رۆژێک پشوویان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
خوێندن لە بەشێکی پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرماوە کرایە ئۆنلاین و بەشی زۆری دامەزراوە حکومییەکانیش بەشێوەی دوورکار کار دەکەن.
بارستە هەوایەکی سارد لە رۆژئاوا و باکووری رۆژئاواوە رووی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ شەممە 11-01-2025 لە بەشی زۆری دامەزراوەکانی 20 پارێزگا کرایە پشوو.
عەباس جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، "بە لەبەرچاوگرتنی ساردیی هەوا، رۆژی شەممە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان دادەخرێن و دەوام دەبێتە دوورکار."
دوورکار بەو واتایە دێت کە کارمەندان بە شێوەی ئۆنلاین و لە ماڵەوە کارەکانیان دەکەن.
بە گوتەی عەباس جەعفەری، خوێندن لە قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکانیش بە ئۆنلاین دەبێت، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، "دامەزراوە فریاگوزارییەکانی وەکو بانکەکان، فریاکەوتنی خێرا و بنکە تەندرووستییەکان داناخرێن."
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، "بەهۆی سەرماوە بڕیاردرا رۆژی شەممە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە، زانکۆ و پەیمانگەکان دابخرێن، ئەوەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی گاز و وزە، بۆ گەرمکردنەوەی شوێنە گشتییەکان."
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیارەکە دادگە، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و بانکەکان ناگرێتەوە.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهۆی سەرماوە، جگە لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان، لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، زانکۆ، پەیمانگە و قوتابخانەکان کراوەتە پشوو.
ئەحمەد کەرەمی، پارێزگاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لەو بارەیەوە قسەی کرد و گوتی، بە بڕیاری لیژنەی ناوەندیی وزەی ئێران، پشووی رۆژی شەممە دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکانی ئیلام ناگرێتەوە.
سەرەڕای ئەوەی سەرما و سۆڵە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستانیشی گرتووەتەوە، شەوی رابردوو مەهدی پازوکی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانەکان لە پارێزگاکە گوتی، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ راگەیاندنی پشوو لە لوڕستان نەدراوە.
لە پارێزگاکانی تاران، فارس، خوراسانی رەزەوی، هەمەدان، خوراسانی باکوور، تەورێز، کرمان، مەرکەزی، مازەندەران، زەنجان، ئەردەبیل، خوراسانی باشوور، سمنان، ئەلبورز، گوڵستان، قوم و قەزوێنی ئێرانیش بەهۆی سەرماوە پشوو بۆ ئەمڕۆ راگەیێندراوە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران شەوی 12ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتییان کرد بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.