لە ئیلام بەهۆی تەقینەوەی مین کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون

11-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی تەقینەوەی مین لەسەر سنووری ئێران و عێراق لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا و 4 کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
 
عەلی عەباسی شەفیعی، قایمقامی شاری میهران رایگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەسەر سنووری ئێران و عێراق و لە شوێنێک بە قوڵایی 3 کیلۆمەتر لە نێو خاکی عێراقدا روویداوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوتەی عەلی عەباسی شەفیعی، ئەو کەسانە خەڵکی وڵاتێکی دراوسێن و سەڕەرای هۆشداریی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران، ویستوویانە لە تاریکی شەودا لە سنووری میهرانەوە بچنە نێو خاکی عێراق.
 
قایمقامی میهران دەڵێت، "بەداخەوە ئەو کەسانە گوێیان بە هۆشداریی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی نەداوە و چوونەتە نێو خاکی عێراق، لەبەر ئەوەی شارەزای ناوچەکە نین، بە هەڵە دەچنە نێو گێڵگەیەکی مین لە سێ کیلۆمەتری سنووری ئێران و بەهۆی تەقینەوی مێنێک، کەسێکیان گیانلەدەست دەدات و چوار کەسی دیکە بە سەختی بریندار دەبن."
 
قایمقامی میهران گوتیشی، دوای هاوئاهەنگیکردن لەگەل لایەنی عێراقی و دوای هەوڵدانێکی زۆر تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی کەسەکە و چوار بریندارەکە گوازرانەوە نەخۆشخانەی شاری میهران.
 
غولامڕەزا عەلی محەمەدی، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ئیلامیش دەڵێت، رووداوەکە لە نزیک بنکەی پۆلیسی بەهرام ئاوای میهران و لە ناو خاکی عێراقدا روویداوە.
 
بە گوتەی غولامڕەزا عەلی محەمەدی، لەبەر ئەوەی شوێنی رووداوەکە دەکەوێتە نێو کێلگەیەکی مین لە نێو خاکی عێراق، داوای هاوکارییان لە تیمی پووچەڵکردنەوەی مین کردووە و دوای 5 کاژێر هەوڵدان، بە هاوکاری هێزەکانی پاسەوانی سنووریی ئێران و عێراق، توانیویانە بگەنە شوێنی رووداوەکە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی سەختی برینەکانیان، هەر چوار برینداری رووداوەکە لە نەخۆشخانەی میهرانەوە گوازرانەوە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیلام.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە