لە ساڵی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا 1929 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکار و سەلامەتیی کار (ISIG) ساڵی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیا هەزار و 929 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە.
ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکار و سەلامەتیی کار (ISIG) مانگانە ئاماری تایبەت بە گیانلەدەستدانی کرێکاران و سەلامەتیی کار بڵاودەکاتەوە. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024 راپۆرتێکی نوێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2023ـدا 154 کرێکار لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە. ئەنجوومەنەکە نیگەرانیی نیشانداوە و جەختیکردووەتەوە، گیانلەدەستدانی 154 کرێکار لە ماوەی مانگێکدا جێی نیگەرانییە و بە پێویستی زانیوە بەدواداچوون بۆ شێوازی کار و سەلامەتیی کرێکاران بکرێت.
بە گوێرەی راپۆرتی ئەنجوومەنی تەندروستیی کرێکار و سەلامەتیی کار (ISIG) کانوونی دووەمی 2023، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 115 کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە. هەروەها شوبات 261، ئادار 130، نیسان 123، ئایار 147، حوزەیران 160، تەمموز 184، ئاب 206، ئەیلوول 153، تشرینی یەکەم 151، تشرینی دووەم 145، کانوونی یەکەم 154 کرێکار گیانیان لەدەستداوە.