لە ئیلام منداڵێک کوژرا و دایکیشی بریندار بوو

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی شەڕە تەقەی نێوان دوو کەسەوە، کچێک گیانی لەدەستدا و دایکیشی بریندار بوو.
 
پۆلیسی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، رۆژی 10-01-2024 دوو کەس لە گەڕەکی چاڵسەرای شاری ئیلام لێیان بووەتە شەڕ و یەک لەوان بە چەکی راوکردن تەقەی لە بەرامبەرەکەی کردووە، بەڵام دایک و کچێک کە ئەوکاتە بەو شوێنەدا تێپەڕیون، بەرکەوتوون.
 
قودرەت حەیدەری زاد، فەرماندەی پۆلیسی شاری ئیلام، دەڵێت، لەو رووداوەدا کچێکی تەمەن شەش ساڵ، بە ناوی نیکا ئەحمەدی زاد گیانی لەدەستداوە و دایکیشی بریندار بووە و براوەتە نەخۆشخانە.
 
ئەو کچە لە باخچەی ساوایان بووە و، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵ لەگەڵ دایکیدا تووشی ئەو رووداوە بوون.
 
بەگوتەی شایەتحاڵان، ئەو دوو کەسە لە گەڕەکی چاڵسەرا رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوانیاندا روویداوە، لەسەر ئەمە بووەتە دەمەقاڵەیان. 
 
پۆلیسی ئیلام رایگەیاندووە، ئەو دوو کەسەی شەڕیان کردووە دوای ئەو رووداوە و پێش گەیشتنی پۆلیس هەڵاتوون، بەڵام ناسراون و پۆلیس بە دوایاندا دەگەڕێت.