نرخی نان و سەموون لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە هەروەکو خۆیەتی

11-01-2024
پێشەوا بەختیار
نانەواخانەیەک لە سلێمانی.
نانەواخانەیەک لە سلێمانی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 11 رۆژ لە بڕیارەکەی حکومەت هێشتا لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە نرخی نان نەگۆڕاوە و هەر هەشت نان بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.
 
هاوبەشی نانەوا پیشەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و لەگەڵ شەش برای هەمان کار دەکەن، دەڵێت، ناتوانن ئەوەی حکومەت داوای کردووە پابەندی بن چونکە زەرەرمەند دەبن.
 
هاوبەش کەریم بە رووداوی گوت، "بەخوا هەرچی بکەین زەرەرە، حیسابم کردووە بەلای کەمەوە، هەزار نان 117 هەزار دیناری تێدەچێت، بەلای کەمەوە رۆژی 50 هەزار زیان دەکەین".
 
نرخی نان بووە بە گفتوگۆی گەرمی ئەم چەند رۆژەی هاونیشتیمانیان لە سلێمانی و شارەکانی دیکەیش، هەرکەسێک و بۆچوونێکی هەیە، بەڵام زۆرینە لەگەڵ ئەوەن جگە لە نرخی نان نرخی بەنزین، نەوت و کارەبا هەرزان بکرێت.
 
هۆزان عومەر، پیشەی فیتەرە و دەڵێت، "وەڵڵا نان گرانە بۆ مووچەخۆر چونکە گلەییانە بەدەست بێ پارەییەوە، هەرچەند بێت هەر گرانە، بەڵام شتی زۆر گەورەتر هەن دەبێت هەرزانتر بکرێن".
 
خالید عەلی، خانەنشینێکە و باس لەوە دەکات، "وەڵڵا گرانە شەش نان بە هەزار دینار، لە تەلەڤزیۆن گوتی 10 دانە دەبێت بە هەزار، هەر نەبوو".
 
لە پارێزگەکانی سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین نرخی نان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئەو گونکانەی کێشیان 130 گرامیە شەش نانی بە هەزار دینارە و ئەوانەی 90 بۆ 100 گرامین هەشتیان بە هەزار دینار دەفرۆشرێن. تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک نانەواخانەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە تاوەکو پابەندی بڕیارەکەی حکومەت بن".
 
داود عومەر، گوتەبێژی نانەواخانەکانی سلێمانی دەڵێت، "ئەگەر ئارد بکەن بە 10 هەزار دینار و غاز و سوتەمەنی و کارەبا بێ بەرامبەر بێت، ئەوا دەتوانین 10 نان بە هەزار دینار بفرۆشین".
 
تەنیا لە بەشێک لە نانەواخانەکانی هەولێر بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە 10 نان و سەموون بە هەزار دینار بفرۆشرێت.
 
دوای ناڕەزایەتییەکان، نوێنەری نانەواخانەکان و قایمقامی هەولێر کۆبوونەتەوە و پێشنیاز کراوە، هەشت نان بە هەزار دینار بفرۆشرێت کە کێشی گونکەکانیان 100 گرامی بێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".