لە عەفرین گرووپە چەکدارەکانی سووریا 200 دار زەیتوون دەبڕنەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
گرووپە چەکدارەکانی سووریا، کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، 200 دار زەیتوونی دیکەیان لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بڕیەوە.
 
بەپێی نوێترین زانیاری کە لە لایەن ناوەندی بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا بڵاوکراوەتەوە، چەکدارانی هەردوو گرووپی حەمزات و سولتان موراد، کە تورکیا پاڵپشتیان دەکات، زیاتر لە 200 داری زەیتوونی هاونیشتیمانیانی کوردیان لە ناوچەکانی کەفەر دڵێی تەحتانی (خواروو) و گوندی کەفروومێی سەر بە هەرێمی عەفرین بڕیونەتەوە.
 
ئەو چەکدارانە 175 دارزەیتوونیان لە گوندی کەفەر دڵی خواروو بڕیوەتەوە، لەوانە 8 داری شێخ ئەحمەد حەجیلۆ، 13 دار زەیتوونی عەبدولڕەحمان ئیبش، 13 داری فیدان ئیبش، 50 داری مەحموود ئیبش، 30 داری مستەفا رەسوول، 7 داری خەلیل عەبدولحەمید لە گوندی معیراتا، 7 داری ئەحمەد عوسمان ئەشبۆکیە و 8 داری مەحموود جمۆ جمۆ لە گوندی ئاشکان.
 
ناوەندی بەبەڵگەکردنی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا هەروەها دەڵێت، 25 دار زەیتوونی بنەماڵەی عەبدولحەنان عەبدۆ لە گوندی کەفروومێی عەفرین لەلایەن چەکدارانی سوڵتان مورادەوە بڕدراونەتەوە.